15 یەکتربڕ و 50 کیلۆمەتر؛ وردەکاریی پڕۆژە مۆدێرنەکەی ڕێگەی سلێمانی - کەرکووک
بە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، ڕێگەی سەرەکی نێوان سلێمانی و کەرکووک فراوان دەکرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ڕێگەیەکی خێرا و مۆدێرن.
پەسەندکردنی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەى ئەو قەرزەى بانکى نێودەوڵەتى کە بڕەکەی 900 ملیۆن دۆلارە و بۆ عێراق پەسەندکراوە، بڕی 80 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. ئارێز محەممەد، ڕاوێژکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، ئەم بودجەیە بۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژی لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بەکاردەهێنرێت.
فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکە
پڕۆژەکەى سلێمانی بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنى ڕێگەى سلێمانى - کەرکووک، بە دیاریکراوی لە بازگەى تاسڵوجەوە تاوەکو بازگەى بانى مەقان کە درێژییەکەی 50 کیلۆمەترە. لە ئێستادا ڕێگەکە لە دوو ئاڕاستە پێکهاتووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا ئاڕاستەیەکى دیکەى بۆ زیاد دەکرێت و تەواوی چاڵ و چۆڵییەکانی نۆژەن دەکرێنەوە.
دروستکردنی 15 یەکتربڕی مۆدێرن
بەگوێرەی پلانی وەزارەتەکە، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکە قۆناغی یەکەم دەبێت. بۆ قۆناغى دووەم، داواکراوە 15 یەکتربڕی نوێ لەسەر ئەو شەقامە دروستبکرێت. ئامانج لەم هەنگاوە گۆڕینی ڕێگەی سلێمانی - کەرکووکە بۆ ڕێگایەکى خێرا (Highway) و مۆدێرن کە ئاستی سەلامەتی و هاتوچۆی تێدا بەرزبێتەوە.
وادەی دەستپێکردن و گرەنتی بودجە
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی کارەکان، ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد کە قەرزەکە پەسەندکراوە، بەڵام قۆناغەکانی دیزاینکردن و سپاردنی بە کۆمپانیا چەند مانگێکی پێویستە. بەو هۆیەوە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکەوێتە ساڵى 2027. لایەنی ئەرێنی پڕۆژەکە ئەوەیە کە گوژمەى داراییەکەی گرەنتیکراوە و هیچ گرفتێکی نەبوونی بودجەی نابێت.
پڕۆژەکانی پارێزگای دهۆک
لە بەشێکی دیکەی تەرخانکردنی ئەو قەرزەدا، بڕیارە لە پارێزگاى دهۆک ڕێگەى نێوان "گرێشین - سحێلا" نۆژەن بکرێتەوە. ئەم پڕۆژەیەش دروستکردنی یەکتربڕێکی نوێ لەخۆدەگرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕێکخستنەوەی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا