دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە قۆناغی کۆتایدایە؛ ترەمپ تیمێکی 100 کەسیی بۆ ئامادەکاریی ڕێککەوتنەکە ڕاسپاردووە
واشنتن تیمێکی تایبەت لە 100 پسپۆڕی ئەتۆمی بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پێکدەهێنێت و کۆشکی سپی کار بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نوێ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پێکهێنانی تیمی پسپۆڕ و سەردانی تاقیگەکان
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تیمێکی تایبەتی لە 100 پسپۆڕی بواری ئەتۆمی دامەزراندووە بە مەبەستی ڕاوێژ و ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران. لەو چوارچێوەیەدا، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سەردانی تاقیگەی نیشتمانییان لە "ئۆک ڕیج" کردووە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ تاران.
قۆناغی کۆتایی دانوستانەکان
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی یان نا. بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە هەلێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، کۆشکی سپیش دەیەوێت یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێت کە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی گفتوگۆی ورد لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
مەرجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
هەفتەی ڕابردوو، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ دانوستانکارە ئێرانییەکان لەسەر مەرجە سەرەکییەکانی یاداشتنامەکە ڕێککەوتوون. بڕگەکانی یاداشتەکە بریتین لە: درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، کردنەوەی گەرووی هوورمز و ڕێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران. هەروەها بڕیاردراوە دانوستان سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراو دەستپێبکات و لە داهاتوودا سنوورێک بۆ ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دابنرێت.
هەموارکردنەوەکانی ترەمپ و وەڵامی ئێران
سەرەڕای گەیشتن بە ڕێککەوتنی سەرەتایی، ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ داوای هەموارکردنەوەی 2 بڕگەی لە دەقی یاداشتنامەکەدا کردووە. لە ئێستادا ئیدارەی واشنتن دەقی هەموارکراوی ڕادەستی لایەنی ئێرانی کردووە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تاران دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوی کۆتایی بەرەو واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بنرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا