هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە شاری شیکاگۆ و ئەیمەن حسێن بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا
هەڵبژاردەی عێراق دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی گەیشتە خاکی ئەمریکا بۆ بەشداری لە مۆندیالی 2026، بەڵام گەیشتنی شاندەکە بە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و دەستبەسەرکردنی ئەستێرەی یەکەمی تیمەکە دەستیپێکرد.
دەستبەسەرکردنی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوای گەیشتنی شاندی هەڵبژاردەی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی شیکاگۆ لە ویلایەتی ئێلینۆیسی ئەمریکا، ئەیمەن حسێن، هێرشبەری دیاری هەڵبژاردەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەوە دەستبەسەر کرا. هەرچەندە دواتر یاریزانەکە ئازاد کرا و پەیوەندی بە شاندەکەوە کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمیی دەستبەسەرکردنەکەی ڕانەگەیەندراوە.
گەیشتن بە ئەمریکا دوای 40 ساڵ
شاندی هەڵبژاردەی عێراق بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی "سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا" لە ئیسپانیاوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت. ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1986 و پاش تێپەڕبوونی 40 ساڵ، هەڵبژاردەی عێراق بگاتە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال. گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە، لە ڕۆژی 1ـی حوزەیران لیستی کۆتایی یاریزانانی ڕاگەیاند کە لە 26 یاریزان پێکهاتوون.
بەشداریی یاریزانانی کورد
لە نێو پێکهاتەی کۆتایی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، 6 یاریزانی کورد بوونیان هەیە کە بریتین لە: ئاکام هاشم، میرخاس دۆسکی، ڕێبین سولاقا، ئەیمار شێر، مارکۆ فەرەج و یوسف ئەمین. هاوکات دوورخستنەوەی داریۆ نامۆ، یاریزانی پیشەگەری کورد لەلایەن ڕاهێنەرەوە، کاردانەوەی جیاوازی لە نێو میدیا و هاندەراندا دروستکرد.
یاریزانە دوورخراوەکان
جگە لە داریۆ نامۆ، چەند یاریزانێکی دیکەی دیار لە لیستەکە دوورخراونەتەوە، لەوانە: پیتەر گۆرگیس (یاریزانی دهۆک)، کومەیل سەعدی (گۆڵپارێزی هەولێر)، یوسف نەسڕاوی (یاریزانی پێشووی لاوانی بایرن میونشن)، ئەحمەد مەکەنزی، مەیسەم جەبار و حەسەن عەبدولکەریم.
کۆمەڵەی عێراق لە مۆندیال
هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026، ئەرکێکی سەختی لەسەرشانە و ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا، نەرویج و سەنیگال دەبێتەوە. تیمەکە لە ئێستاوە ئامادەکارییەکانی لە شاری شیکاگۆ دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بۆ یارییەکان ئامادە بێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا