ئۆجەلان: کورد بووەتە کارەکتەری سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکرێت نادیدە بگیرێت

کەناڵ8 8 کاتژمێر پێش ئێستا
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پێویستیی یەکێتیی نەتەوەیی و گۆڕینی زمانی شەڕ بۆ زمانی سیاسەت و دانوستاندن دەکاتەوە.

پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، گەلی کورد ئێستا لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدایە و بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای سەدان ساڵ لە سیاسەتی نکۆڵی و پارچەکردن، ئێستا ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەی ناوچەکە بکرێت و حساب بۆ ئیرادەی کورد نەکرێت.

بونیادنانی یەکێتییەکی نەتەوەیی

لە پەیامەکەیدا کە بۆ 24ـەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ناردوویەتی، ئۆجەلان داوا دەکات یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بونیاد بنرێت. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم یەکێتییە تەنیا ئەرکی لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان و گەنجان تێیدا بەشدار بن بۆ ئەوەی ئیرادەیەکی هاوبەش لە مژارە نەتەوەییەکاندا نیشان بدرێت.

کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوایەکی ڕژد دەکات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دەڵێت، پێویستە چیتر ڕێگە نەدرێت کورد دژی کورد بەکاربهێنرێت. بە بڕوای ئۆجەلان، دەبێت بە ئەقڵییەتێکی هاوبەش دەستکەوتە نەتەوەییەکان بپارێزرێن و نەسازان و لێکترازانەکانی ڕابردوو لە ڕێگەی گفتوگۆوە تێپەڕێنرێن، نەک لە ڕێگەی شەڕ و توندوتیژییەوە.

ستراتیژی کۆمەڵگەی دیموکراتی

ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتووی کورد تەنیا بەستراوەتەوە بە ستاتۆی سیاسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی. ئەو دەڵێت، پێویستە کێشەکان لەبری شەڕ، بەڕێگەی سیاسەت، ماف و دانوستاندن چارەسەر بکرێن. ئەم تێڕوانینە یەکسانیی گەلان و ژیانی هاوبەش بە بنەما وەردەگرێت و ئازادیی کورد لەگەڵ ئازادیی گەلانی دیکەدا بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە کە ئامانجی کوردان دەبێت پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکسانی بێت لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکەدا. تێپەڕاندنی لێکترازانەکانی ڕابردوو بە تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی و داهاتوویەکی گەش بۆ گەلی کورد و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت.

بۆنەی پەیامەکە

ئەم پەیامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 1 حوزەیرانی 2026 لە زیندانی ئیمراڵییەوە نووسراوە و ئەمڕۆ شەممە 06-06-2026 لە 24ـەمین جڤاتی گشتیی کەنەکە خوێندرایەوە. ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کردووە کە خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەنەکە و لە زیندانیشەوە بەردەوام بەپێی دەرفەت بەدواداچوونی بۆ خەباتی ئەم ڕێکخراوە کردووە کە ئێستا 27 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕ دەبێت.

کەناڵ8

8 کاتژمێر پێش ئێستا