خالید شوانی: باشترکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر پێویستی بە دروستکردنی متمانەیە
لە دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا. بەرپرسانی باڵا جەختیان لە پێویستیی دروستکردنی متمانە، شەفافییەت لە داتاکان و پابەندبوون بە دەستوور کردەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لە قۆناغی قەیران و ئاڵنگارییەوە بەرەو تەواوکاری و دەرفەتی گەورەتر هەنگاو بنێن.
دەستپێکی گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی گرنگی یەکەم ڕۆژی دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی بوو لە سلێمانی. بەرپرسانی باڵای بەغدا و هەولێر لە کۆڕبەندەکەدا باسیان لە گرنگترین کێشەکانی نێوان هەردوولا کرد و ڕێگەچارەکانیان ئاشکرا کرد.
بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان
محەممەد تەمیم، وەزیری پێشووی پلاندانان و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی سوننە، بۆچوونی وایە دەرفەتێکی گەورە لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بونیاد بنرێنەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، پێویستییان بە متمانە و شەفافییەت هەیە.
متمانە و شەفافییەت وەک مەرجی سەرەکیی چارەسەر
محەممەد تەمیم، وەزیری پێشووی پلاندانان گوتی: "بۆچوونم وایە دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پشت بە دوو خاڵی گرنگ دەبەستێت؛ یەکەمیان دروستکردنی متمانەیە لەنێوان هەردوولا، ئێمە پێویستمان بە دروستکردنەوەی ئەو متمانەیەیە، دووەمیش شەفافییەتە. بە ڕاشکاوی لێرەوە دەیڵێم، ناڕوونی هەیە لە داتاکان، بۆیە هەرکاتێک ویستوومانە بچینە گفتوگۆوە، کێشەمان لە داتا هەبووە. بۆیە بە بۆچوونی من ئەگەر نییەتی ڕاستەقینە لای هەردوولا هەبێت، ئەوکات ئەگەری گەورە هەیە تاوەکو پەیوەندییەکان بگۆڕین لە قەیرانەوە بۆ تەواوکاری، لە پەیوەندیی ئاڵنگارییەوە بۆ دەرفەت، بۆیە ئەو ئاماژانەی دەتوانین پەیوەندییەکانمانی پێ پێشبخەین زۆر زیاترن لەوەی بگەڕێینەوە دواوە."
پێویستیی بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و تەندروست
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، بۆچوونی وایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێویستییان بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و تەندروست لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، لەگەڵ پیشاندانی نییەتپاکی لەنێوان هەردوولادا.
پابەندیی دەستووری و کڕۆکی کێشەکان
بە بۆچوونی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، پابەندنەبوون بە دەستوور و دەستنیشاننەکردنی کڕۆکی کێشەکان، هۆکاری چارەسەرنەبوونی هەمیشەیی کێشەکان و بەردەوامبوونیانە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو.
تێپەڕاندنی قەیرانی 20 ساڵە و گەیشتن بە چارەسەر
زیاتر لە 20 ساڵە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامییان هەیە. بەشداربووانی ئەم پانێڵە کە ناوی "عێراق و هەرێمی کوردستان: هاوسەنگکردنی ئۆتۆنۆمی قەوارەی دەستووری، چاکسازی و فشارە هەرێمییەکان"ی دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لێنراوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەولێر و بەغدا دەرفەتی گەورەیان لەبەردەمدایە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانیان و پێشخستنیان، بە مەرجی پابەندبوون بە دەستوور، دروستکردنی متمانەی هاوبەش و ڕەچاوکردنی شەفافییەت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا