عومەر وائیلی: دەبێت دەروازە سنوورییەکان پردێک بن بۆ نزیکبوونەوە نەک دوورکەوتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاشکرای دەکات کە کار بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی دەکرێت بە مەبەستی هەڵگرتنی بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی هەمەجۆرکردنی داهاتی نانەوتی و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە.

یەکخستنی ڕێکارەکان لە تەواوی دەروازەکاندا

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەبارەی ڕێکخستنی کاروباری گومرگەوە ئاماژەی بەوە کرد، لەم دواییەدا لێکگەیشتنی زۆر باش هاتووەتە ئارا بۆ ڕێکخستنی پێناسی گومرگی و یەکخستنی پشکنینی پێشوەختەی ئەو بارانەی کە دەگەنە عێراق، دەشڵێت، بەیەک شێواز مامەڵە لەگەڵ هەموو دەروازەکاندا دەکات و لای ئەو دەروازەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەک یەکن.

هەڵگرتنی بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

عومەر وائیلی لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی دێڵفی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەردوولا هیوا دەخوازێت لە داهاتوودا پێناسی گومرگی ڕێکبخرێت بۆ هەڵگرتنی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دەشڵێت، لای ئەو نامۆیە کە ئەو بازگانە بوونی هەبێت، جەختیشی کردەوە، کاتێک پێناسی گومرگی و ڕێکارەکان ڕێکخرانەوە، ئەوا چیدی ئەم بازگانە پێویست ناکات هەبن.

ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و کاراکردنی دەروازە نوێیەکان

سەبارەت بە دۆخی نائارامی ناوچەکە ڕوونی کردەوە، بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە ناچار بوون بە کاراکردنی دەروازەکانی دیکە وەک سەفوان و عەرعەر و قائیم بۆ هاتنی باری گرنگ و پێویست.

کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و پاراستنی ئاسایش

لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکانەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی ئاسایشی سنوورەکان بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە، هەربۆیە بە بۆچوونی ئەو، دەبێت فەرماندەیی هێزەکانی سنوور و وەزارەتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان کۆنترۆڵی سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکان بکەن.

دەروازەکان وەک پردی لێکنزیکبوونەوە

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا هیوای خواست، دەروازە سنوورییەکان پردێک بن بۆ لێکنزیکبوونەوە نەوەک لێکدوورکەوتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

دیدی ئابووریی کابینەی نوێ و پەرەپێدانی داهات

سەبارەت بە کارەکانی حکومەتی ئێستای عێراق دوا و باسی لەوە کرد، لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ هەماهەنگییەکی بەرز دروستبووە لەم کابینەیەدا کە سیمایەکی گەنج و پیشەگەری هەیە و سەرۆکوەزیران دیدێکی ئابووری هەیە و تیمێکی وەزاریی باشی هەیە کار دەکەن بۆ زیاترکردنی داهاتی نانەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەشڵێت، عێراق پێگەیەکی جوگرافیی گرنگی هەیە و پێویستە هەموو ئەوانەی لە بواری ئابووری کار دەکەن، سوود لەم جوگرافیایە وەربگرن بەتایبەت بۆ ڕێگەی گەشەپێدان.

بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی

لە پەیوەندی بە پلانەکانی دەستەکەیانەوە ڕوونی کردەوە، وەک دەستەی دەروازەکان کاریان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و زیاترکردنی داهاتی نانەوتی.

هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات

عومەر وائیلی لەبارەی کردنەوەی دەروازە نوێیەکانەوە زیاتر شیکردنەوەی دا و گوتی، هەمەجۆرکردنی داهات پرسێکی زۆر گرنگە بەتایبەت کە لەم دواییەدا دەروازەی دیکە لەگەڵ سووریادا کراوەتەوە، ئەویش دەروازەکانی ڕەبیعە و وەلیدن، کە بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ سووریا و وڵاتانی دیکە کراوەتەوە.

پلانە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا سەبارەت بە بازرگانیی کەرەستەکان ئەوەی خستەڕوو، کەرەستەی بیناسازی ئاڵوگۆڕی پێکراوە و پلانێکی حکومی هەیە لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەش بەرەوپێش ببەین.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا