قەیس مەحمەداوى: کۆکردنەوەى چەک تەنیا گرووپەکانى حەشدى شەعبى دەگرێتەوە و فەرماندەیی هاوپەیمانان دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک
قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک

قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک، ڕایگەیاند کە پرۆسەی داماڵینی چەک تەنیا گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە و چەکە قورسەکان وەردەگیرێنەوە. ئاشکراشی کرد کە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو فەرماندەیی هاوپەیمانان بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە و حکومەتیش سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە.

ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان

سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەڵێت، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت تەنیا گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی دەگرێتەوە و هیچ پلانێک بۆ پێکهاتەکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی لە ئارادا نییە. جەختیشی کردەوە، هەر لایەنێک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و دەستەی حەشدی شەعبی ڕێکاری کارگێڕییان بەرامبەر دەگرێتەبەر.

دەستپێشخەرییەکەی سەدر بۆ ڕێکخستنەوەی چەک

قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستپێشخەرییەکەی سەدر بنەمایەکی ڕاستەقینە و توندوتۆڵی بونیاد نا بۆ دەستپێکردنی کرداریی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت.

تێکەڵکردنی گرووپەکان بە دامەزراوە ئەمنییەکان

ئاشکراشی کرد، تاوەکو ئێستا 3 گرووپ کە بریتین لە سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی، بەدەم دەستپێشخەرییەکەوە هاتوون. بە کرداریش پرۆسەی تێکەڵکردنی سەرایا سەلام دەستی پێکردووە، فەرمانی دیوانیش دەرچووە بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بە ناونووسکردنی ژمارەی چەکدار و چەکەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق، وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان.

سنووری پرۆسەی تێکەڵکردن و ڕێکخستنەوە

محەمەداوی دووپاتی کردەوە کە پرۆسەکە تەنیا گرووپەکانی ئەندام لە دەستەی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە. ڕەتیشی کردەوە پلانیان هەبێت بۆ تێکەڵکردنی گرووپەکانی دەرەوەی دەستەی حەشدی شەعبی، یاخود پێدانی پلەی سەربازی بەو چەکدارانەی نەبەستراونەتەوە بە دەستەکەوە.

هەڵوەشاندنەوەی ناونیشانە سیاسی و ئاینییەکان

ڕوونیشی کردەوە، هەندێک لەو گرووپانەی لەڕووی کارگێڕییەوە پەیوەستن بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە و لە هەمان کاتیشدا هەڵگری ناونیشانی سیاسی و ئایینین، سەرلەنوێ ڕێکدەخرێنەوە و دوو ناونیشانیان نامێنێت و تەنیا بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانەوە پەیوەست دەبن.

وەرگرتنەوەی چەکە قورسەکان و درۆنەکان

سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت باسی لەوەش کردووە، سەرجەم چەکە قورس و مامناوەندەکان، لەوانەش تانک و تۆپهاوێژ و هەموو جۆرەکانی مووشەک و درۆن لە گرووپەکان وەردەگیرێتەوە و لە جبەخانە فەرمییەکان دادەنرێن، تاوەکو جارێکی دیکە و بەگوێرەی پێویستی دابەش بکرێنەوە بەسەر سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا.

هۆشداری لەبارەی پابەندنەبوون بە ڕێکارەکان

قەیس محەمەداوی لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاندووە، پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت پێویستی بە کاتە و ناتوانرێت لە ماوەی کورتدا تەواو بکرێت. هۆشداریشی دا هەر گرووپ و لایەنێک پابەندی ڕێکارەکان نەبێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و دەستەی حەشدی شەعبی ڕێکاری کارگێڕییان بەرامبەر دەگرێتەبەر.

پلانەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، قەیس محەمەداوی ئاماژەی بەوە کرد، پلانی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بێگانە لە عێراق بەردەوامە و هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کشاونەتەوە.

گواستنەوەی فەرماندەیی هاوپەیمانان بۆ هەولێر

ڕوونیشی کردەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان، بارەگای فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر. لە قۆناغی داهاتووشدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێت بۆ مەشق و نۆژەنکردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان.

پووچەڵکردنەوەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ

لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە کردەوەکان پووچەڵ کراونەتەوە و چەند گرووپێکیش دەستگیر کراون کە تۆمەتبار بوون بەو هێرشانەی بەم دواییانە کرانە سەر وڵاتانی دراوسێ.

پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و سەروەریی خاکی عێراق

دووپاتیشی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان کار دەکەن بۆ ئاشکراکردنی تێوەگلاوان لە کردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەکان؛ عێراق ڕەتی دەکاتەوە خاکەکەی بەکار بهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا