بەرگریی شارستانیی عێراق: بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە 11 هەزار باڵەخانە و شوێنی بازرگانیمان داخستووە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و بەکارهێنانی ماددەی خێرا گڕگرتوو، زیاتر لە 11,000 باڵەخانەی بازرگانیی داخستووە و داواش دەکات یاساکەیان هەموار بکرێتەوە بۆ قورسکردنی سزا داراییەکان بەسەر سەرپێشیکاراندا.
ئاماری داخستنی باڵەخانە بازرگانییەکان
سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 11,000 باڵەخانە و شوێنی بازرگانییان داخستووە، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە.
کات و شوێنی هەڵمەتە فراوانەکە
نەواس سەباح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونیکردەوە، "لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە، تیمەکانی پشکنین هەڵمەتێکی فراوانیان دەست پێ کرد، لە پێناو دیاریکردنی سەرپێچی لە باڵەخانە و پڕۆژە بازرگانییەکان لە تەواوی عێراق، لە ئەنجامدا زیاتر لە 11,000 باڵەخانەیان داخستووە".
ئەو ناوچانەی زۆرترین سەرپێچییان تێدایە
ناوبراو لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو شوێنانەی زۆرترین ڕێکاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر گوتی، "پارێزگای ئەنبار لە پلەی یەکەمی ئەو شوێنانەدا دێت کە زۆرترین باڵەخانەیان تێدا داخراوە، دواتریش بەشی ڕەسافەی بەغدا دێت".
هۆکارە سەرەکییەکانی پشت داخستنی شوێنەکان
سەبارەت بە جۆری سەرپێچییەکانیش نەواس سەباح تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرپێچییەکان تەنیا بەهۆی نەبوونی سیستمی ئاگرکوژێنەوە نەبوون، بەڵکو ڕژدبوونی بەشێک لە بازرگانان بۆ دروستکردنی نهۆمی دیکە لە باڵەخانەکانیان بە سەندویچ پەنێڵ، کە خێرا ئاگر دەگرێت، گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کۆگای هەڕەمەکی گرنگترین هۆکارەکانی پشت داخستنی ئەو باڵەخانانە بوون.
سەپاندنی سزای دارایی و ڕەوانەکردنی دۆسیەکان بۆ دادگا
لەسەر ئاستی ڕێکارە یاساییەکانی دیکەش ڕوونی کردەوە، یەکێکی دیکە لە ڕێکارەکانیان، سەپاندنی سزای دارایی بووە بەسەر چەندین شوێندا، هەروەها دۆسیەی چەندین باڵەخانەیان ڕەوانەی دادگا کردووە.
کەمکاریی یاسای ئێستا و داوای هەموارکردنەوەی
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق لەبارەی بڕی سزاکانی ئێستاوە ڕەخنەی گرت و داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی کرد، چونکە سزا داراییەکانیان لە نێوان 250,000 بۆ 1,000,000 دیناردایە، ئەو سزایەش نابێتە بەربەست لە بەردەم بازرگانەکان.
داواکاری بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکان و قورسکردنی سزاکان
لەکۆتایی لێدوانەکەشیدا سەبارەت بە پلانی داهاتوویان بۆ ڕێگری لە سەرپێچییەکان هیواخوازی خۆی نیشاندا، ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی زیاتریان پێ بدات لە داخستنی شوێنەکان و سەپاندنی سزای دارایی تاوەکو 10,000,000 دینار.
3 کاتژمێر پێش ئێستا