لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 65 هەزار کەس مووچەى مانگى پێنجیان وەرنەگرتووە
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچە، زیاتر لە 65 هەزار مووچەخۆر لە مامۆستایانی گرێبەست و خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە. وەزارەتی دارایی هۆکارەکەی بۆ کورتهێنانی نێوان بەغدا و هەولێر دەگێڕێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەدا و لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە مووچەی ئەو توێژانە دابەش دەکرێت.
ئەو توێژانەی مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە
پاش دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار، هێشتا زیاتر لە 65000 مووچەخۆر مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە، کە پێکهاتوون لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی، لەگەڵ خانەنشینانی سەربازیی دەڤەری 2.
وردەکاریی مووچەخۆرە بێبەشکراوەکان لە وەزارەتی داراییەوە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، کە لە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکەوتووە، لەبارەی ناسنامەی ئەو مووچەخۆرانە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەریەک لە مامۆستایانی گرێبەست، فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرە هەمیشەییانەی کە لە پاش تەممووزی 2024 دامەزراون، هەروەها خانەنشینانی هێزەکانی دەڤەری 2، مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.
هۆکاری دروستبوونی کورتهێنانی دارایی
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی هۆکاری پێنەدانی مووچە جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئەوەی بەغدا 70 ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئایار بۆ داهاتی نانەوتی مەقاسە کردووە، کورتهێنانی دارایی دروست بووە و ئەوەش بارگرانیی دارایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
پێویستییە داراییەکان بۆ بودجەی تەشغیلی و خزمەتگوزارییەکان
سەبارەت بە خەرجییەکانی دیکەی حکومەت ئەوەشی خستە ڕوو، بێجگە لەو 70 ملیارەی لە تەمویلی مووچە مەقاسە کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 100 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچە نەدراوەکان و بودجەی تەشغیلیی حکومەت هەیە، کە بۆ ڕاییکردن و خەرجییەکانی نەخۆشخانە، خواردنی زیندانییەکان، کڕینی کلۆر بۆ ئاوی خواردنەوە، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و خەرجییە بەردەوامەکان پێویستە.
پلانەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە
سەبارەت بە هەنگاوەکانی وەزارەت بۆ چارەسەری کێشەکە گوتی: "کاری لەپێشینەی وەزارەتی دارایی ئەوەیە کە تەمویلی دارایی بۆ مووچە نەدراوەکان ئامادە دەکات تاوەکو لەم هەفتەیەدا ئەو مووچانە دابەش بکرێت."
ڕێگرییەکانی بەغدا لە ناردنی مووچەی خانەنشینان
لەبارەی بڕی پارەی نەنێردراوی خانەنشینانیش ئەوەشی ڕوون کردەوە، بەغدا زیاتر لە 100 ملیار دیناری خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە تەرخانی داراییان نییە، تا ئەو کاتەی یاسای بودجە پەسەند نەکرێت و ڕێنمایی بۆ خەرجکردنی دەرنەچێت، ناتوانن مووچەی خانەنشینان بنێرن، هەرچەندە ئەو خانەنشینانە ناویان لە سیستمی پەیڕۆڵی مووچەشدا هەیە.
کاریگەریی مەقاسەکردنی داهاتی نانەوتی لەسەر مووچە
دەربارەی کاریگەرییەکانی مەقاسەکردن، بەرپرسەکەی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەشی دووپات کردەوە، ئەگەر بەغدا مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بکاتە ئەمری واقع، ئەوا بۆ مانگەکانی دیکە کێشە بۆ دابینکردنی مووچە دروست دەکات.
بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ
لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا گوتیشی: "لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بەردەوامە تاوەکو بۆ 7 مانگی ئەمساڵ مەقاسەکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە 120 ملیار دینارەوە بۆ 80 ملیار دینار کەم بکاتەوە، بەڵام هێشتا دەرئەنجامەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە."
مووچەی خانەنشینانی سەربازیی دەڤەری دوو
هاوکات، بەرپرسێکی خانەنشینانی سەربازی لە سلێمانی کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەبارەی خانەنشینانی دەڤەری دوو بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دوو کە زیاتر لە 9000 خانەنشینن، ڕۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیران تەمویلی مووچەکەیان دەگاتە دەستمان."
بڕی پارە و کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان
سەبارەت بە بڕی پارەکە و کاتی دابەشکردنی ڕایگەیاند: "تەمویلی مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دوو بڕەکەی 3 ملیار و 882 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی ناوخۆ دابەش دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە 8ـی حوزەیران مووچەی مانگی پێنج وەردەگرن."
ئامارەکانی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار بە 110 ملیار دینار خەمڵێندراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا