هەفتەیەکە لە ئەلبانیا خۆپیشاندان دژی پرۆژەی زاواکەی ترەمپ بەردەوامە؛ "ئەلبانیا بۆ فرۆشتن نییە"

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە خۆپیشاندانی خەڵکی ئەلبانیا لە دژی پرۆژەکەی جاریک کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ لە تیرانای پایتەخت. فۆتۆ: AFP
دیمەنێک لە خۆپیشاندانی خەڵکی ئەلبانیا لە دژی پرۆژەکەی جاریک کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ لە تیرانای پایتەخت. فۆتۆ: AFP

ماوەی هەفتەیەکە شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندان دژی دوو پڕۆژەی گەشتیاریی جارید کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی مەترسیی تێکدانی ژینگە و تێچووی 1.5 ملیار دۆلاریی پڕۆژەکانەوەیە، لە کاتێکدا ڕێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکوانان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە بە هەڕەشە بۆ سەر سروشتی وڵاتەکەیانی دەبینن.

پرۆژەی جارید کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ

پڕۆژەیەکی گەشتیاری کە پەیوەستە بە جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ئیڤانکا ترەمپی هاوسەری، لە ئەلبانیا هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە.

شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە پایتەخت

ماوەی هەفتەیەکە بە هەزاران خۆپیشاندەر دێنە سەر شەقامەکانی شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە دروستکردنی کۆمەڵگەی شاهانە و هۆتێل لە دوو شوێنی سەرەکیی ئەو وڵاتەدا.

پڕۆژەی دوورگەی سازان و تێچووەکەی

یەکێک لەو شوێنانە دوورگەی سازانە کە دوورگەیەکی چۆڵە؛ بەپێی ئەو پلانەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن کوشنەری هاوسەری ئیڤانکای کچی ترەمپەوە پێشکەش کراوە، بڕیارە دوورگەکە بکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی شاهانە بە تێچووی نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار.

مەترسی بۆ سەر ناوچە پارێزراوەکان

پڕۆژەی دووەم لە ناوچەی نارتا زڤێرنیکە کە شوێنێکی سروشتیی پارێزراوە و چەندین جۆر باڵندەی تێدایە، بەتایبەتی فلامینگۆ؛ هەر ئەمەش وای کردووە باڵندەی فلامینگۆ ببێتە هێمای سەرەکیی خۆپیشاندانەکان.

دروشمی خۆپیشاندەران و پاراستنی ژینگە

سەبارەت بە زیانگەیاندن بە ژینگە بەهۆی پڕۆژەکانەوە، خۆپیشاندەران نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی و بەردەوام دروشمی "پڕۆژەکە بوەستێنن" و "ئەلبانیا بۆ فرۆشتن نییە" دووبارە دەکەنەوە.

بانگەوازی ڕێکخراوە ژینگەییەکان

لەبارەی مەترسییەکانی سەر فرەچەشنیی ژینگە، نزیکەی 40 ڕێکخراوی ژینگەیی داوایان کرد ئەم پلانانە ڕابگیرێن، چونکە بە هەڕەشەیەکی ڕژد بۆ سەر سروشتی ناوچەکە دایان دەبەن.

هەڵوێستی حکومەت و وەڵامی شەقام

لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە، ئیدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە شاندێکی 20 کەسی بۆ گفتوگۆکردن هەڵبژێرن، بەڵام ناڕەزایان ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام دەبن.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا