پیتەرگاڵبرێس: سەرکردایەتیی کورد بە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان
پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان

دووەم کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی، تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق. لە پانێڵەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە سەرکردایەتیی کورد بە شێوەیەکی ژیرانە خۆیان لە ململانێکانی ئەمریکا و ئێران بەدوور گرتووە، بەمەش توانیویانە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکان بپارێزن.

پانێڵی ئەمریکا و ناوچەکە

پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی "ئەمریکا و ناوچەکە، دەسەڵات، کاری لەپێشینە و سیاسەت لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ"، تەوەرێکی سەرەکیی دووەم کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی بوو لە شاری سلێمانی.

مامەڵەی هەرێم لەگەڵ ڕووداوەکان

لەو پانێڵەدا هەر یەک لە پیتەر گالبرێس، دابان شەدەڵە و بیلال وەهاب، تیشکیان خستە سەر چۆنیەتیی مامەڵەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەکە؛ ئەوان هەڵوێستی سەرکردایەتیی کوردستانیان لە بەرامبەر جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بە "ژیرانە" وەسف کرد.

"سەرکردەکانی کورد خۆیان لە کێشەکان بەدوور گرت"

سەبارەت بە زیرەکیی سەرکردایەتیی کورد، پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کرد: "سەرکردەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر زیرەک بوون کە خۆیان لە کێشەی ئێران تێوە نەگلاند، بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەو پرسەی یەکلا کردەوە و ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو."

مێژوو چیمان پێدەڵێت؟

ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا هۆشداریی دا لە گۆڕانکاریی هەڵوێستەکانی ئەمریکا و گوتی: "مێژوو پێمان دەڵێت ئەمریکا ناچارت دەکات کارێک بکەیت و دواتر پشتت تێ دەکات؛ لە ساڵی 1975 و 51 ساڵ پێش ئێستا، ئەمریکا هانی کوردانی دا کارگەلێک بە دڵی ئەو بکەن، هەروەها ترەمپ پێش کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، هانی دان هێرش بکەنە سەر کەرکووک و لە کوردەکانی وەربگرنەوە، ئەوەشی بەسەر سووریادا هات هەر لەژێر سەرى ترەمپدا بوو."

پاراستنی هەرێم لە بوون بە قوربانی

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمەوە، دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کاتێک شەڕی ئەمریکا و ئێران دەستی پێ کرد، سەرکردایەتیی کورد نەیویست ببێتەوە بە قوربانیی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ڕێگە ڕاستەکەی هەڵبژارد."

تێڕوانینی ئیدارەی ترەمپ بۆ پێگەی عێراق

هاوکات بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، لە پانێڵەکەدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە لە ئیدارەی ترەمپدا وا نیشان دەدرێت هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک بن لە ئێران، بۆیە بە پێویستی زانی مامەڵەیەکی گونجاو بکرێت و گۆڕانکاریی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت.

پێویستیی گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان

دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو، بیلال وەهاب گوتی: "لەژێر سەرکردایەتیی ترەمپدا، وا پیشان دەدرا عێراق و هەرێم سەر بە ئێران بن، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لەو بڕوایەدا بوون گۆڕانکاری هەیە؛ ئێستا گۆڕانکارییەکان دەڵێن نابێت عێراق وابەستەی ئێران بێت و پێویستە ئەم چیرۆکە کۆتایی بێت." ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ حکومەتی عێراق و هەرێم زۆر گرنگە چۆن خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخە دەگونجێنن، چونکە وەک وڵاتێک بەدوای باشترین دەرچەدا دەگەڕێین و پێمان وایە گۆڕانکارییەکان دەبێت ڕیشەیی و بنچینەیی بن.

ململانێکان و پاراستنی قەوارەی هەرێم

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کرا کە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئەمریکا و ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستانی خستووەتە نێو چەقی ململانێکان، بەڵام شارەزایان و چاودێران جەخت دەکەنەوە کە سەرکردایەتیی کورد مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ قەیرانەکان کردووە، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا