بێگەرد تاڵەبانى: کۆمەڵێک پاکێجمان بۆ سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیران ئامادە کردووە؛ کەرتی تایبەت گەنمی زیادە دەکڕێتەوە

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیرە کوردەکان، بەغداد هێشتا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران نەداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کەرتی تایبەت ئەو گەنمە دەکڕێتەوە کە لە سایلۆکاندا دەمێنێتەوە و بەم نزیکانەش سەردانی بەغداد دەکەن.

هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەی گەنم

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "هەوڵی زۆر دراوە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ، هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کە سەردانی بەغدادی کرد و قسەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، هەم لە ڕێگەی وەزیرە کوردەکانەوە بەتایبەت خالید شوانی".

وەڵامی بەغداد بۆ داواکارییەکانی هەرێم

دەربارەی بەدەست نەهێنانی ئەنجامی کۆتایی، ناوبراو لەسەر قەناعەتی بەرپرسانی عێراق گوتی: "هەوڵمان داوە ئەو قەناعەتەی لە بەغداد دروست بووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بیگۆڕین، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەرێنی نییە، ئەمە غەدرە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان".

بڕ و نرخی وەرگرتنی گەنم

سەبارەت بە پلانی عێراق بۆ کڕینەوەی بەرهەمەکە، وەزیری کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو کە بەغداد 292 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە چوارچێوەی پلان وەردەگرێت و هەر تۆنێک بە 700 هەزار دینارە، هەروەها 108 تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەردەگرێت کە بۆ هەر تۆنێک 500 هەزار دینارە.

ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە کڕینەوەی گەنمدا

لەبارەی پلانی بەدیلی حکومەتی هەرێمەوە، ناوبراو ئەوەشی ڕوونکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت ڕێککەوتنیان هەیە بۆ ئەو گەنمەی کە بەغداد وەریناگرێت و بەبازاڕکردنی بۆ دەکرێت لە ناوخۆدا، هەروەها لەسەر ڕۆڵی لیژنەی سەرپەرشتیار گوتی: "دەستەی وەبەرهێنان سەرۆکایەتیی لیژنەیەک دەکات، ئەو گەنمەی لە سایلۆکان لەلایەن عێراقەوە وەرناگیرێت و دەمێنێتەوە، بڕی وەرگیراو و نرخی وەرگیراوی ئەو گەنمەی کەرتی تایبەت دەیکڕێتەوە، دیاری دەکرێت".

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

دەربارەی کاتی گفتوگۆ نوێیەکان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەى چەندین ساڵە لە نێوان ئێمە و حکومەتى فیدراڵى هەیە، ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو سەردانى بەغداد دەکەین".

ئاشناکردنی حکومەتی نوێ بە ڕێککەوتنەکان

سەبارەت بە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، ناوبراو لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان گوتی: "دەمانەوێت حکومەتی نوێ ئاشنا بکەین بە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبووە".

ئامادەکردنی پاکێجی تایبەت بۆ بەغداد

لە کۆتاییدا و سەبارەت بە دابینکردنی دادپەروەری بۆ جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد: "کۆمەڵێک پاکێجمان ئامادە کردووە بۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری کشتوکاڵی عێراق و وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، چونکە ناکرێت لە یەک وڵاتدا بین بەڵام جیاوازی بکرێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت بۆ ئاسایشی خۆراک و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا