زیاتر لە 65 هەزار کەس بێبەشبوون؛ وردەکاریی ئەو توێژانەی مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار، دەیان هەزار فەرمانبەر و خانەنشین هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیانن و کورتهێنانی گەورە لە بودجەدا دروست بووە.
ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان وەرنەگرتووە
بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 65,000 مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 5ـیان وەرنەگرتووە. ئەم توێژانە پێکهاتوون لە مامۆستایانی گرێبەست، فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەو فەرمانبەرە هەمیشەییانەی لە پاش تەمووزی 2024 دامەزراون، لەگەڵ خانەنشینانی سەربازیی دەڤەری 2. وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە کە کاری لەپێشینەیان دابینکردنی تەمویلە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا مووچەی ئەو توێژانە دابەش بکرێت.
کورتهێنان و بڕینی 70 ملیار دینار
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەوەی حکومەتی بەغداد بڕی 70,000,000,000 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئایار وەک "داهاتی نانەوتی" بڕیوە (مەقاسە)، کورتهێنانی دارایی دروست بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جیا لەو بڕە، پێویستی بە نزیکەی 100,000,000,000 دیناری دیکە هەیە بۆ داپۆشینی مووچە نەدراوەکان و بودجەی تەشغیلیی نەخۆشخانەکان، کڕینی کلۆر بۆ ئاو، خواردنی زیندانییەکان و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.
کێشەی بودجەی خانەنشینان
بەغداد زیاتر لە 100,000,000,000 دیناری مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە تاوەکو یاسای بودجە پەسەند نەکرێت و ڕێنمایی نوێ دەرنەچێت، تەرخانی داراییان بۆ ئەو مەبەستە نییە، هەرچەندە ناوی خانەنشینان لە سیستمی پەیڕۆڵدا جێگیر کراوە. لە ئێستادا گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی بەغداد بڕی مەقاسەکردنی مانگانەی داهاتی نانەوتی لە 120,000,000,000 دینارەوە بۆ 80,000,000,000 دینار کەم بکاتەوە تاوەکو کێشەی مووچە دروست نەبێت.
مووچەی خانەنشینانی سەربازیی دەڤەری 2
بەرپرسێکی خانەنشینی سەربازی لە سلێمانی ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی خانەنشینانی دەڤەری 2 کە ژمارەیان زیاتر لە 9,000 کەسە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیران بگاتە دەستیان. بڕی تەمویلەکە 3,882,000,000 دینارە و لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، بڕیاریش وایە ڕۆژی دووشەممە 8ـی حوزەیران مووچەی مانگی 5ـیان بەسەردا دابەش بکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا