60 یان 63؟ بڕیاری نوێ لەبارەی تەمەنی خانەنشینی لە عێراق
دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی دەستپێکردووە و دەیەوێت سوود لە ئەزموونی فەرمانبەران وەربگرێت و بارگرانی سەر سندوقی خانەنشینی کەم بکاتەوە.
هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی
عەلا محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی خانەنشینیی عێراق ڕایگەیاند، پێشنیازێکی فەرمییان ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران لە 60 ساڵەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ 63 ساڵ. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لەو زیانە دارایی و مرۆییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە بەر دامەزراوەکانی دەوڵەت کەوتوون.
زیانەکانی تەمەنی 60 ساڵ
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ زیانی گەورەی بە سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەران گەیاندووە، چونکە لە لایەکەوە بارگرانییەکی دارایی زۆری بۆ سندوقەکە دروست کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتی لە لێهاتوویی و ئەزموونی ئەو فەرمانبەرانە بێبەش کردووە کە لە لوتکەی توانای کارکردنیاندا بوون.
کڕینەوەی خزمەت و مافەکان
لە چوارچێوەی پێشنیازەکەدا، دەستەی خانەنشینی داوای کردووە دەرچەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ ئەو توێژانەی کە بەهۆی جیاوازیی چەند مانگێکی کەم لە ئیمتیازات بێبەش دەبن. بۆ نموونە، ئەو فەرمانبەرانەی 24 ساڵ و 6 مانگ خزمەتیان هەیە و بەو هۆیەوە لە پاداشتی کۆتایی خزمەت بێبەش دەکرێن، یاخود ئەوانەی 12 ساڵ خزمەتیان هەیە و مووچەکانیان بۆ خێزانەکانیان نامێنێتەوە، لەم هەموارەدا مافەکانیان ڕێکدەخرێتەوە.
میکانیزمی کڕینەوەی ساڵانی خزمەت
بەشێکی دیکەی پێشنیازەکە تایبەتە بە ڕێگەدان بەو کەسانەی ساڵی خزمەتیان کەمە بۆ خانەنشینبوون، تاوەکو بتوانن ساڵانی خزمەت بکڕنەوە. ئەمەش لە ڕێگەی پێدانی لێبڕینی خانەنشینییەوە دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. لە ئێستادا تەواوی پێشنیازەکان لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەراندایە و چاوەڕێی پەسەندکردن دەکرێت تاوەکو یاسای خانەنشینی هەموار بکرێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا