عومەر وائیلی: بوونی بازگە لەنێوان هەرێم و عێراق نامۆیە و لێکگەیشتنی باش هەیە بۆ نەمانیان

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق پلانێکی نوێ بۆ یەکخستنی تەواوی ڕێکارە گومرگییەکان ئاشکرا دەکات و جەخت لە نەهێشتنی بازگە ناوخۆییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکاتەوە.

یەکخستنی پێناسی گومرگی

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە میانەی پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی دێڵفی ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا لێکگەیشتنی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە بۆ ڕێکخستنی پێناسی گومرگی و یەکخستنی پشکنینی پێشوەختەی ئەو بارانەی دەگەنە عێراق. وائیلی جەختی لەوە کردەوە کە بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ هەموو دەروازەکاندا دەکات و لای ئەو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک یەکن. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەبوونی بازگە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کارێکی نامۆیە، هەربۆیە کاتێک پێناسی گومرگی و ڕێکارەکان یەکخرانەوە، ئەو بازگانە چیدی پێویست نابن و لادەبرێن.

دیدی ئابووری و داهاتی نانەوتی

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان باسی لەوە کرد کە لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ، هەماهەنگییەکی بەرز دروستبووە، چونکە سەرۆکوەزیران دیدێکی ئابووری هەیە و تیمە وەزارییەکەی کار بۆ زیاترکردنی داهاتی نانەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنان دەکەن. وائیلی ڕوونیکردەوە کە عێراق پێگەیەکی جوگرافیی گرنگی هەیە و پێویستە هەموو لایەک سوود لەم جوگرافیایە وەربگرن، بەتایبەتی بۆ سەرخستنی پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەک دەستەی دەروازەکان کاریان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان

عومەر وائیلی جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی سنوورەکان بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە. بە بڕوای ئەو، پێویستە فەرماندەیی هێزەکانی سنوور، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەن. وائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە دەروازە سنوورییەکان دەبێت ببنە پردێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێمی کوردستان و بەغداد، نەک هۆکارێک بن بۆ لێکدوورکەوتنەوە.

ئاڵنگارییەکان و دەروازە نوێیەکان

بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، حکومەتی عێراق ناچار بووە دەروازەکانی وەک سەفوان، عەرعەر و قائیم بۆ هاتنی باری گرنگ و پێویست کارا بکات. وائیلی ئاشکرای کرد کە لەم دواییانەدا دەروازەکانی ڕەبیعە و وەلید لەگەڵ سووریا کراونەتەوە بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی خاو. هەروەها پلانیان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی کەرەستەی بیناسازی پەرەپێبدەن. سەرۆکی دەستەی دەروازەکان دووپاتی کردەوە کە ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لای سەرۆکوەزیران هەیە بۆ گەیشتن بە هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا