مامۆستا بورهان محەممەد؛ خاوەنى "تەفسیرى ئاسان" لە تەمەنى 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
بورهان محەممەد ئەمین، کەسایەتیی ئایینی و یەکێک لە دیارترین نووسەرانی تەفسیری قورئان بە زمانی کوردی، دوای تەمەنێک لە خزمەتی ئایینی و پەروەردەیی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ژیان و پەروەردە
مامۆستا بورهان محەممەد ئەمین، لە ساڵی 1948 لە گەڕەکی ئابڵاخی شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی 1965 لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە و دوای تەواوکردنی خوێندن، لە ساڵی 1968 وەک مامۆستا لە گوندی قامیش لە ناوچەی شارباژێر دەستبەکار بووە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ سەرقاڵی کاری پەروەردەیی بووە.
قۆناغی سیاسی و کۆچکردن بۆ ئێران
لە ساڵی 1980 بەهۆی هەڵوێست و فشارە سیاسییەکانی ئەو کاتە، ڕوویکردووەتە وڵاتی ئێران و بۆ ماوەی 5 ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووە. لە ماوەی مانەوەی لە ئێران، پەیوەندییەکی زانستی و فیکری لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک ئەحمەدی موفتی زادە و ناسری سوبحانی دروست کردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیدگا و چالاکییە بانگخوازییەکانی هەبووە.
دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی
مامۆستا بورهان لە ساڵی 1984 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی کاری بانگخوازی و پەروەردەیی بووە. ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی سەرەکیی "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان" دەناسرێت و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنی بنەماکانی ئەو حزبە و گەشەپێدانی کارە ڕێکخراوەییەکانیدا.
تەفسیری ئاسان و کارە زانستییەکان
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، مامۆستا بورهان پڕۆژە گەورەکەی کە تەفسیری قورئانی پیرۆز بوو دەستپێکرد. ئەو خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە کە لە نێو ماڵەکاندا ناسراون، دیارترینیان "تەفسیری ئاسان" و "تەفسیری ڕۆشن"ـە، کە بە زمانێکی سادە و ڕەوان بۆ خوێنەرانی کورد نووسراون. مامۆستا بورهان دوای تەمەنێک لە نووسین و بانگخوازی، لە تەمەنی 75 ساڵیدا بە هۆکاری سروشتی کۆچی دوایی کرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا