بۆچی ڕێگری لە ئەندامانی هەڵبژاردەی عێراق کرا بۆ چوونە ناو ئەمریکا؟ باڵیۆزخانەی عێراق ڕوونکردنەوە دەدات

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن
دیمەنێک لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن وردەکاریی ڕێگریکردن لە دوو ئەندامی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە فڕۆکەخانەی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و هۆکارەکەی بۆ یاسا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە.

گەیشتنی 62 ئەندامی شاندەکە

باڵیۆزخانەی عێراق لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، شاندی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق کە لە 62 کەس پێکهاتوون، بە سەلامەتی گەیشتوونەتە ناو خاکی ئەمریکا. باڵیۆزخانەکە ڕوونی کردەوە کە لە کاتی گەیشتنیان، تەنیا دوو کەس لە ئەندامانی شاندەکە بەهۆی ڕێکارە یاساییەکانی فەرمانگەی کۆچی ئەمریکاوە کێشەی داغڵبوونیان بۆ دروستبووە.

هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە. لە ئەنجامی هەوڵەکاندا، توانرا کێشەی یەکێک لەو دوو کەسە چارەسەر بکرێت و ڕێگەی پێدرا بچێتە ناو خاکی ئەمریکا، بەڵام بەهۆی توندیی ڕێکارەکان و بڕیاری کۆتایی فەرمانگەی کۆچی ئەو وڵاتە، ڕێگە بە داغڵبوونی کەسی دووەم نەدراوە.

سەربەخۆیی بڕیارەکانی فەرمانگەی کۆچ

باڵیۆزخانەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ڕێکارەکانی داغڵبوون و ڕێگریکردن لە هەر کەسێک بۆ ناو خاکی ئەمریکا، بە تەواوەتی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانی فەرمانگەی کۆچی ئەو وڵاتەدایە. باڵیۆزخانەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم فەرمانگەیە لایەنێکی سەربەخۆیە و خاوەنی یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیەتی، هەربۆیە هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکات.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا