قوباد تاڵەبانی: سەرۆکی یەکێتی کار دەکات بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان لایەنەکاندا

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی، ستراتیژی نوێی حکومڕانی و گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ داهاتوویەکی گەشتر دەخاتە ڕوو.

تێچووی ململانێ و پەیامی ئاشتی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی ڕایگەیاند، تێچووی ململانێ بەردەوامەکانی ناوچەکە زۆرە و کاتی ئەوە هاتووە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بە ئاشتی بدەین. ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق خاوەن پێگەیەکی ستراتیجییە و دەتوانێت بە سەرکەوتوویی سەروەریی خۆی بپارێزێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە سلێمانی هەمیشە وەک ناوەندێک هەوڵیداوە ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بونیادنانەوەی ئابووری و فرەچەشنی

جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی ڕاستەقینە پێویستی بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات هەیە و چیتر نابێت تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین. ڕایگەیاند کە پێویستیان بە بونیادنانەوەی ئابوورییەکی مۆدێرن هەیە و حکومەت پشتیوانی لە داهێنەران دەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەهێز لە نێو بازاڕەکاندا بمێنێتەوە و گەشە بکات.

هەماهەنگیی هەولێر و بەغداد

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە کارکردنی پێکەوەیی هەولێر و بەغداد سوودی گەورەی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە سەرکەوتنی هەر لایەکیان بە سەرکەوتنی ئەوی دیکە ئەژمار دەکرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دروستکردنەوەی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لە پێناو سەقامگیریی زیاتر.

گۆڕانکاری و ڕۆڵی ژنان

قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکاری لای ئەوان تەنیا دروشم نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەن ژنان لە ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ئابووریدا بن. ڕاشیگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی بازاڕەکاندایە و دەکرێت لە ئێستا بەهێزتر بێت ئەگەر بتوانێت سوود لەو پێگە ستراتیجییە و توانای داهێنەرەکانی وەربگرێت. جێگری سەرۆکوەزیران دڵخۆشیی خۆشی دەربڕی کە شاری سلێمانی بۆ جارێکی دیکە بووەتەوە میوانداری کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا