ئەگەر بە بەردەوامی هەست دەکەیت کەسێکی خراپیت دەکرێت ئەم گرفتە دەروونییەت هەبێت

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەستکردن بەوەی کەسێکی خراپیت تا ڕاددەیەک ئاساییە و زۆر کەس جار جارە ئەو هەستەیان بۆ دروستدەبێت، بەڵام ئەم هەستە نابێت بە ترسێکی جدی و کار لە ژیانی ئاسایی کەسەکە ناکات.

بەڵام هەندێک کەس بەهۆی  جۆرێکی نەخۆشیی وەسواسییەوە دەکرێت ئەم ترسەیان بۆ دروست ببێت و بە شێوازێکی هەمیشەیی ترسیان لەوە هەبێت کە کەسێکی خراپبن، ئەمەش وایان لێدەکات بە بەردەوامی هەست بە تاوان بکەن.

وەسواسیی ئەخلاقی نەخۆشییەکە تێیدا کەسی تووشبوو بە بەردەوامی هەست بەوە دەکات کەسێکی خراپە و ئەو کارانەی دەیکات هەڵەن، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا وانییە.

لە کەسانی ئایینیشدا دەکرێت ئەم وەسواسییە بەجۆرێک بێت کە کەسەکە بە بەردەوامی هەست دەکات گوناحێک ئەنجام دەدات، چاکەکانی نابینێت و پێی وایە بە بەردەوامی لە دژی خوایە.

ئەم جۆرە بیرکردنەوانە زۆر جیاوازن لەو ترسە زۆر کاتی و کەمەی زۆر کەس هەستی پێدەکەن، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە تەواوی بیرکردنەوەی کەسەکە داگیردەکەن.

ئەم کەسانە زۆرجار کە لەگەڵ چواردەورەکەیان قسە دەکەن، لە قسەکانیاندا دیارە کە داوای دڵنیایی دەکەن و دەیانەوێت بەرامبەرەکەیان پێیان بڵێت "نەخێر تۆ کەسێکی خراپ نیت و کەسێکی باشیت".

بۆ نموونە لەوانەیە ئەم کەسە لەسەر کارەکەی جۆرە قسەیەکی کردبێت و هەست بە تاوان بکات، بۆیە دەستبەجێ تەلەفۆن بۆ دایکی دەکات و ڕووداوەکەی بۆ باسدەکات و لە کۆتاییدا چاوەڕێ دەکات دایکی دڵنیای بکاتەوە کە نەخێر شتێکی خراپی نەکردووە و کەسێکی خراپ نییە.

یان لەوانەیە کەسێک بە بەردەوامی هەوڵ بدات کارێکی باش بکات بۆئەوەی حەق بۆ کارێکی خراپی بکاتەوە.

گرفتەکە ئەوەیە زۆر جار لەگەڵ ئەوەی چواردەورەکەیان دڵنیایان دەکەنەوە کە نەخێر کەسێکی خراپ نین، یان کارێکی هەڵەیان نەکردووە، بەڵام ئەمان هێشتا دڵنیایی زیاتریان پێویستە و بە وەڵامەکان دڵخۆش نابن.

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا