پارتیی گەلی سیسرک؛ لە گاڵتەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ خۆپیشاندانی سەر شەقام
پارتیی "گەلی سیسرک"، تەنیا سێ هەفتەیە لە هیندستان سەریهەڵداوە و بووەتە هیوایەک بۆ ناڕەزایەتیی لایەنگرەکانی، کە بە شانازییەوە خۆیان بە "سیسرک" ناودەبەن.
چیرۆکی دامەزراندنی پارتی سیسرک
چیرۆکی دامەزراندنی ئەم پارتە لە قسەی بەرپرسێکی هیندستانەوە دەستیپێکرد. سوریا کانتا، سەرۆکی دادوەری هیندستان، لە دانیشتنێکی دادگادا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ڕەخنەگرانی خۆی و هەندێک گەنجی بێکاری بە "سیسرک" چوواند، کە بووە هۆی کاردانەوەیەکی توند لەنێو گەنجانی نائومێدی وڵاتەکە. ئەبجیت دیبکەی، کە خوێندکارە لە زانکۆی بۆستن و شارەزای پەیوەندییە سیاسییەکانە، ئەم سووکایەتییەی وەکو ئیلهامێک بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی گاڵتەجاڕانە بەکارهێنا.

پارتی گەلی سیسرک و 22 ملیۆن فۆڵەوەر
لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دوای خستنەگەڕی ماڵپەڕێک و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا لە ئینستاگرام" گەلی سیسرک" زیاتر لە 22 ملیۆن فۆڵەوەری هەیە.
سیسرک بووەتە هێمای خۆڕاگری و دەربڕینی سیاسی
پارتەکە، سیسرکی کردووەتە هێمای خۆڕاگری و دەربڕینی سیاسی و ڤیدیۆ و وێنەکانیان کە گاڵتە بە بێکاری و گەندەڵی و ناکارایی سیاسی دەکەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ملیۆنان بینەریان بەدەستهێناوە.

"کاتی ئەوە هاتووە گاڵتە بکەین بە شۆڕش"
پارتەکە کە وەکو گاڵتەیەکی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرد، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆی بووەو کە بڕیاریدا لە نیودەلهی پایتەخت خۆپیشاندانێک بکات. پارتەکە لە هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە "کاتی ئەوە هاتووە ئەم گاڵتە بچووکە بکەین بە شۆڕشێک."
جەماوەری ئۆنلاین بووە هێزی سەر شەقام
خۆپیشاندانەکە بووە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بزووتنەوەکە دەتوانێت جەماوەرە ئۆنلاینەکەی بکات بەهێزێکى سەر شەقام، هاوکات ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوەبوو کە ئایا لەژێر دەسەڵاتی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیران کە بەرپەرچی خۆپیشاندانەکانی پێشوو بووەتەوە، مامەڵەی پارتەکە چۆن دەبێت.

بزووتنەوەیەک بۆ خۆشەویستی و ئاشتی
ئەبجیت دیبکەی، تەمەن 30 ساڵە و دامەزرێنەری پارتەکە، ڕۆژی شەممە لە ئەمریکاوە گەیشتە پایتەختی هیندستان و بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا کرد، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیبووى "دەبێت ئەم بزووتنەوەیە بە خۆشەویستی و ئاشتییەوە بەڕێوەببەین."
بەکارهێنانی دەمامکی سیسرک و داوای دەستلەکارکێشانەوە
سەدان کەس، کە زۆربەیان گەنجی هیندی بوون، لە نزیک پەرلەمان کۆبوونەوە و بە دەمامکی سیسرکەوە، دروشمی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە. لایەنگرانی پارتەکە لە خۆپیشاندانەکەیاندا ناڕەزایەتییان لە سیستمی پەروەردەی هیندستان و کەمیی هەلی کار دەربڕی و داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردەیان کرد.



3 کاتژمێر پێش ئێستا