عەلی باپیر: بەمجۆرە وڵات بەڕێوەنابرێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هۆشداری لە تێکچوونی زیاتری رەوشی هەرێمی کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ململانێی پارتی و یەکێتی تەنها لەسەر بەرژەوەندیی حزبییە و خەڵکی لە چاکبوونی دۆخەکە بێ ئومێد کردووە.

پێویستیی گۆڕینی عەقڵییەتی حوکمڕانی

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی دێڵفی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشی نییە و بەم شێوازەی ئێستا وڵات بەڕێوەنابرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی هەرێم لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە و پێویستە بە خێرایی عەقڵییەتی حوکمڕانی بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی رێگری لە داڕمانی زیاتر بکرێت.

کاریگەریی ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر ناوچەکە

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، عەلی باپیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو شەڕەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەر ئێراندا داسەپێنراوە، دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە. باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم جەنگەدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لە پریشکەکانی ئەو جەنگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گەیشتووەتە ناوخۆی هەرێم.

ململانێی پارتی و یەکێتی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و رایگەیاند، ململانێی ئەو دوو حزبە تەنها لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیانە. وتیشی، هەرچەندە هەردوولا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، بەڵام لە واقیعدا رەوشەکە بەرەو خراپتر دەچێت. بە وتەی عەلی باپیر، خەڵک لەم دۆخە زۆر تووڕە و ناڕازییە و گەیشتووەتە ئاستێک کە هاووڵاتیان تەنانەت لە خۆپیشاندانیش بێ ئومێد بوون.

بەرپرسیارێتیی لایەنەکان و حکومەتی عێراق

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی باپیر ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق و هاووڵاتیانیش گرت و بە کەمتەرخەمی زانین بەرانبەر بەو دۆخەی ئێستا هەیە. جەختی لەوە کردەوە کە نابێت لەبەر ململانێی حزبی خزمەتکردنی خەڵک پشتگوێ بخرێت، چونکە ئەم وڵاتە موڵکی هەمووانە و تەنها هی حزب و لایەنێکی دیاریکراو نییە.

داواکاری بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە

عەلی باپیر داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە لەسەر بنەمای ئیدارەدانێکی دادپەروەرانە رێکبکەون، چونکە ناحەزانی هەرێمی کوردستان سود لەو درز و ناکۆکییانە وەردەگرن کە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە حوکمڕانان دڵ و دەروونیان فراوان بکەن و هەمووان پێکەوە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە هەڵبگرن کە لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا