لە کۆڕبەندی دێڵفی؛ ستایشی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتی ژیرانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکرێت
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی دێڵفی لە شاری سلێمانی، میوانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی یەکێتی کرد بۆ دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییەکان.
دوورخستنەوەی کورد لە کێشەکانی ئێران
پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، سەرکردەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و ئێران زیرەکانە مامەڵەیان کردووە کە خۆیان لە کێشەی ئێران و ئەمریکا تێوەنەگلاندووە. گاڵبرێس جەختی لەوە کردەوە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەو پرسەی یەکلاکردووەتەوە و ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ بووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە مێژوو سەلماندوویەتی ئەمریکا لە ساڵی 1975 و دواتریش لە کاتی ڕووداوەکانی کەرکووک لەژێر فشاری ترەمپدا، پشتی لە کورد کردووە، بۆیە تێوەنەگلان لەو ململانێیانە بڕیارێکی دروست بووە.
سیاسەتی ژیرانە لە ناوەندی قەیرانەکاندا
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، لە کۆڕبەندەکەدا باسی لەوە کرد کە ناوچەکە لە ناوەندی قەیرانێکی گەورەدایە و پێویستە هەمووان بیر لە هەنگاوەکانی داهاتوو بکەنەوە. داود ئۆغڵو پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی ژیرانە، بەتایبەتی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد جەلال تاڵەبانی کرد بۆ ئەو ڕێبازەی لە ماوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا پەیڕەویان کردووە.
هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسۆی داهاتوو
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی پارتەکەی لەگەڵ تاران و واشنتن لە ئاستێکی باشدایە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیاش بەرەو باشتربوون دەچێت. دوای ڕۆڵگێڕانی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، ئێستا سەرۆکی یەکێتی هەوڵدەدات کاریگەری لەسەر پرسە جیهانی و ناوچەییەکان هەبێت، لەوانە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پشتگیریکردن لە مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا