بێگەرد تاڵەبانى: عێراق و هەرێمی کوردستان بە گۆڕانکاریی گەورەی ئابووریدا تێدەپەڕن
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ئاو و خۆراک دەدات و داوای دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی هەرێمی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان.
پێویستیی لێکتێگەیشتنی هەرێمی بۆ پرسی ئاو
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی ڕایگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان بە گۆڕانکاریی گەورەی ئابووریدا تێدەپەڕن. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە وڵاتانی دیکەوە دێن، بۆیە دروستکردنی بەنداو، گرتنەوەی ئاو یان گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی. وەزیری کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لێکتێگەیشتنێکی هەرێمی بۆ ئیدارەدانی پرسی ئاو بهێنرێتە کایەوە.
گۆڕینی ستراتیژی وزە و ژینگە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژە پشت بە نەوت و گاز دەبەستن، بەڵام ئێستا ئەم ناوچەیە بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان. ڕایگەیاند کە پێویستە ستراتیژی کارکردن لەم ناوچەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ژینگەییەکان بگۆڕدرێت و نێوەندێکی هاوبەشی هەرێمی هەبێت بۆ ئەوەی بە پلان کار لەسەر ئیدارەدانی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بکرێت.
ئاسایشی خۆراک و بەرپرسیارێتیی بەرپرسان
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کێشەیەک لە جیهاندا ڕووبدات، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و ئاوی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت هاووڵاتیانی ئاسایی باجی گەورەی گۆڕانی ژینگە بدەن، بەڵکو دەبێت کەسانی بەرپرس بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و ستراتیژییەکی پتەو و گشتگیر بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی وزە و خۆراک دابنێن.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەر بووە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، چ لە ڕووی کەشوهەوا و چ لە ڕووی ئاسایشی ئاو و خۆراکەوە. ئەم گۆڕانکارییانە وەک ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم هەرێم وەسف کران و داواکرا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە سیاسەتێکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دابڕێژرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا