جیاوازییەکی گەورە لە نرخی بەنزین؛ لە سلێمانی 950 دینارە و لە هەولێر 1150ـی تێپەڕاند
لە کاتێکدا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر و دهۆک گەیشتووەتە سەروو 1,150 دینار، لە سلێمانی نرخەکان جێگیرن؛ ئەنجوومەنی بۆرسەی سووتەمەنیش هۆکارەکەی بۆ ناردنی بەنزین بۆ دەرەوەی هەرێم دەگێڕێتەوە.
جیاوازیی نرخەکان لەنێوان شارەکاندا
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی سووتەمەنی بە هەرسێ جۆری نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام لە سلێمانی نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. نرخەکان بەم شێوەیەن:
لە هەولێر: نۆرماڵ 1,150 دینار، موحەسەن 1,500 دینار، سوپەر 1,600 دینار.
لە دهۆک: نۆرماڵ 1,175 دینار، موحەسەن 1,300 دینار، سوپەر 1,500 دینار.
لە سلێمانی: نۆرماڵ 950 دینار، موحەسەن 1,150 دینار، سوپەر 1,300 دینار.
هۆکاری گرانبوونی بەنزین لە هەولێر و دهۆک
ئەنجوومەنی بۆرسەی سووتەمەنی هەولێر ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی بەنزین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سووتەمەنی بە تانکەر دەڕواتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی ئەنجوومەنەکە، بڕی خستنەڕووی بەنزین لە ناوخۆدا بە ڕێژەی 50% کەمیکردووە، ئەمەش هاوسەنگیی بازاڕی تێکداوە و نرخەکانی بەرزکردووەتەوە.
ڕۆڵی پاڵاوگەکان لە دیاریکردنی نرخدا
بە وتەی ئەنجوومەنی بۆرسەی سووتەمەنی، بەنزین لە پارێزگای هەولێر لەژێر دەستی پاڵاوگەکانی (کار و لاناز)دایە و ئەوان نرخەکان دیاری دەکەن. یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی بەنزین لە بازاڕدا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئەم ئاستە و وتی "نرخی یەک لیتر بەنزین ببێتە 2,000 دیناریش کەس قسە ناکات".
خواستی گەشتیاری و بەنزینی حکومی
پێداویستیی ڕۆژانەی بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک زیاتر لە 4,000,000 لیترە، کە بەهۆی وەرزی گەشتیارییەوە خواست لەسەری زیادی کردووە. سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان لە کەرتی تایبەتدا، دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە وێستگەکاندا بەردەوامە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی.
3 کاتژمێر پێش ئێستا