لەکاتێکدا هەرێم 1000 مێگاوات کورتهێنانی هەیە، بۆچی کارەبا بە عێراق دەفرۆشرێت؟
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، بەهۆی هاتنی گەرماوە خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 5,000 مێگاوات و بەرهەمهێنان کەمیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە بڕێکی زۆر کارەبا بە حکومەتی فیدراڵ دەفرۆشرێت.
کورتهێنانی کارەبا و بەرزبوونەوەی خواست
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا 4,000 مێگاواتە، لە کاتێکدا خواست بۆ 5,000 مێگاوات بەرزبووەتەوە، ئەمەش کورتهێنانی 1,000 مێگاواتی دروستکردووە. ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی گەرماوە فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕەکان دروستبووە و خواست بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هۆکاری تەکنیکی و کەمیی سووتەمەنی
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کرد، کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا کە ماوەی هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە؛ لەوانە هەبوونی گرفتی تەکنیکی و هونەری لە هەندێک لە یەکەکاندا، هەروەها کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەندێک وێستگەی گازی. ئەوەشی خستەڕوو کە تیمەکانیان خەریکی چاککردنەوەی گرفتەکانن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ناکرێت گرفتەکان بۆ هاونیشتمانییان باس نەکەن.
فرۆشتنی 800 مێگاوات کارەبا بە بەغداد
سەبارەت بە هەناردەکردنی کارەبا، ئومێد ئەحمەد ئاشکرای کرد کە ڕۆژانە بڕی 800 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەفرۆشرێت. ڕوونیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق خۆی سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابین دەکات کە کارەبایان بۆ ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەو بڕە کارەبایە لە دەرەوەی پشکی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستانە و سووتەمەنییەکەی لەلایەن بەغدادەوە دابین دەکرێت.
ژێرخانی کارەبا و پەنابردن بۆ مۆلیدەکان
وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە کە ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 7,000 مێگاواتی هەیە، بەڵام بۆ بەکارخستنی تەواوی ئەم توانایە، پێویستیان بە دابینکردنی گازی سروشتیی زیاتر هەیە. لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانی بەتایبەت لە هەولێر، جارێکی دیکە پەنا بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان براوەتەوە و لەمڕۆوە مۆلیدەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا