ئەمريکا دەيەوێت بە پارەی ئێران وڵاتانی کەنداو قەرەبوو بکاتەوە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا. فۆتۆ: AP
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

حکومەتی ئەمريکا هەوڵدەدات پارە بلۆککراوەکانی ئێران بەکاربهێنێت بۆ بونيادنانەوە و چاککردنەوەی زيانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو.

هەڵسەنگاندنی تێچووی زیانی وڵاتانی کەنداو

ئاژانسی ڕۆيتەرز لە ڕاپۆرتێکيدا بڵاويکردووەتەوە، سکۆت بيسێنت، وەزيری گەنجينەی ئەمريکا، تيمێکی پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی زيانەکانی وڵاتانی کەنداو، چاوەڕواندەکرێت واشنتن ئەو سامانە بلۆککراوانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زيانانە بەکاربهێنێت.

ئێران داوای پارە بلۆککراوەکانی دەکات

ئاشکراکردنی ئەم هەواڵە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی ئاشتی پەیوەستە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە بلۆککراوە.

جۆری پشکنینەکان دیار نییە

ئاشکرانەکراوە کە گەنجینەی ئەمریکا پشکنین بۆ چ جۆرە سەروەت و سامانێک دەکات، پێناچێت ڕێوشوێنە نوێيەکان تەنیا لە سەروەت و سامانی بلۆککراودا سنووردار بن.

نامەکەی موحسین نەقەوی بۆ ئێران

هەرچەندە موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، ڕۆژی شەممە چووە تاران و بەگوێرەی زانيارييەکان نامەیەکی بۆ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران پێيە لەبارەی دانوستانەکان، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت دانوستانەکانی ئاشتی وەستابن.

هەوڵی نوێی نێوەندگیرانی نێوان ئێران و ئەمریکا

سەرباری بەردەوامیی هێرشەکان لەنێوان ئێران و ئەمريکا، ئەم هەوڵە نوێيە بۆ بەکارهێنانی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران دەکرێت کاريگەریی لەسەر وەستانی دانوستانەکان و پێشێلکردنی زياتری ئاگربەست هەبێت.

داواکانی ئێران لە ئەمریکا

تاران دەیەوێت دەستی بگات بە ملیارەها دۆلار لە داهاتی نەوت، هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی خاو، هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکان و ڕاگرتنی هێرشەکان لە گەرووی هوورمز.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا