داود ئۆغڵو: ئاشتی لە عێراق واتا ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە دووەم ڕۆژی دووەمین کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا گوتی، دەرفەتێکی باش لە بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەيە بۆ دووبارە بونيادنانەوەی چوارچێوەيەکی نوێی سياسی.
پێدانی پێناسەیەکی نوێ بە عێراق
ئەحمەد داود ئۆغڵو گوتیشی، بەسڕە و هەولێر هەموو لايەنەکان بە سوننە و شيعە و کورد و تورکمانەوە ئێستا دەرفەتی ئەوەيان هەيە پێناسێکی نوێ بدەن بە عێراق.
عێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە بچووککراوەیی
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا لەو بارەیەوە گوتی " عێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە بچووکی، هەموو پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عێراقدا دەبينيت، ئاشتی لە عێراق واتا ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە عێراق دوو قۆناغی گرنگ هەيە لە 35 بۆ 40 ساڵی ڕابردوودا، ئێستا لە قۆناغی سێيەميداين، يەکەم قۆناغ شەڕی کەنداو و داگيرکردنی کوەيتە لەلايەن سەدامەوە، کە تيايدا هەموو شتێک گۆڕا و دواتر شەڕی ئێران و عێراقی بەدوادا هات، دواتر سەردەمی سزاکان و سەردەمی ديکتاتۆری و کۆمەڵکوژی دژی هەڵەبجە و هەتاکو دوایی.
قۆناغی دەستوەردانی ئەمریکا
داود ئۆغڵۆ لە بارەی عێراقی دوای هاتنی ئەمریکا وە گوتی " لەوقۆناغی دووەم دەستوەردانی ئەمريکا بوو لە ساڵی 2003، کاتێک يەکتدیيان باش دەناسی، ئێرانييەکان دەيانزانی سەرکردايەتیی ئەمريکييەکان لەوێيە، بەڵام ئەمريکييەکان دەيانزانی ئێران لەسەر ئاستی مەيدانی کاريگەریيان هەيە لەڕێگەی ميليشياکان و گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە، ئێستا ئەو سەردەمە کۆتاییهاتووە و دەرفەتێکی باش لەبەردەم عێراق و هەرێمی کوردستاندايە بۆ دووبارە بونيادنانەوەی چوارچێوەيەکی نوێی سياسی".
ستایشی قسەکانی دوێنی بافل جەلال تاڵەبانی
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دەربارەی قسەکانی دوێنێی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە کۆڕبەندی دێڵفی گوتی " دوێنێ برامان بافڵ تاڵەبانی قسەيەکی جوانی کرد، گوتی دەکرێت عێراق ببێتە براوەی هەموو ئەو ناکۆکييانە يان ڕەنگە ببێتە دۆڕاوی سەرەکی، من پێموايە عێراق ڕەنگە براوە ببێت، پێشنيازی من بۆ هاوڕێکانم لە عێراق ئەوەيە کاتێک من لە تورکياوە دەڕوانمە بەغدا، بەسڕە و هەولێر هەموو لايەنەکان بە سوننە و شيعە و کورد و تورکمانەوە ئێستا دەرفەتی ئەوەيان هەيە پێناسێکی نوێ بدەن بە عێراق".
هەولێر و سلێمانی وەک شارێکی ئەورووپا وان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد داود ئۆغڵو، باسی لە گرنگیی گەشەی ئابووری کرد لەبەرەوپێشچوونی ناوچەکاندا، لە قسەکانيدا گوتی "ئەمڕۆ هەولێر و سلێمانی وەک شارێکی ئەورووپا وان، دەشڵێت، گەشەکردنی ئابووری زۆر گرنگترە لە ناکۆکیی ناوچەیی".
گەشەکردنی ئابووری زۆر گرنگترە لە ناکۆکیی ناوچەیی
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دەربارەی گەشەی هەولێر و سلێمانی گوتی "مانگی تشرينی دووەم من چووم بۆ موسڵ بەراورد بە هەولێر و سلێمانی موسڵ گەشەينەکردووە، بەهۆی شەڕی ناوخۆ و هۆکاری ديکە، نهێنیی سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەولێر چييە، بۆچی ئەمڕۆ هەولێر و سلێمانی وەک شارێکی ئەورووپا وان، هەمان شتيش بۆ غازی عەنتابی تورکيا ڕاستە کە شارۆچکەيەکی بچوکی وەک حەلەبە، بەڵام ناتوانی بەراورديان بکەيت، پەيامەکە ئەوەيە، گەشەکردنی ئابووری زۆر گرنگترە لە ناکۆکیی ناوچەیی لە بونيادنانی داهاتوو، ئەگەر باسی هەولێر بکەين، شاری هەولێر کراوەيە بەڕووی وەبەرهێنەرانی تورکدا"
کاتی شەڕی داعش بارزانی داوای هێزی لە تورکیا کردووە
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، هەر لە پانێڵەکەیدا لە کۆڕبەندی دێڵفی، باسی لەوە کرد لە کاتی شەڕی داعشدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان پەيوەندی پێوەکردوون و داوايلێکردوون هێز بنێرن بۆ هەولێر تاوەکو ڕێگری بکەن لە هاتنە ناوەوەی داعش بۆ ئەو شارە.
هەولێر و سلێمانی بڕبڕەی سەقامگیرییە
داود ئۆغڵو لە بارەی داواکەی مەسعود بارزانییەوە گوتی " کاتێک سەرۆکوەزيران بووم، داعش نزيک دەبووەوە لە هەولێر، کاک مەسعود پەيوەندی پێوەکردين، من سوپای خۆمانم ئاڕاستەکرد بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ هێز بنێرن بۆ هەولێر تاوەکو ڕێگری لە داعش بکەن بێتە ناوەوە، سوپاکەمان لە نيوەشەودا هاتنە سەر سنوور و داعشيان پاشەکشە پێکرد، چونکە بۆ ئێمە هەولێر بڕبڕەی پشتی سەقامگيرييە، سلێمانيش بە هەمانشێوە، ئێمە عێراق وەک ناوچەی شەڕ نابينين، بەڵکو عێراق وەک بڕبڕەی پشتی يەکێتیی ئابووری دەبينين".
2 کاتژمێر پێش ئێستا