پۆلیسى هەولێر تۆمەتێکى قورسى ڕووبەڕووى پێشمەرگەکەى پارتى کردەوە
بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێر خوێى زیاترى بە برینى کەسوکارى پێشمەرگەکەى پارتى کرد و بە ماددەیەکى قورس تۆمەتبارى کرد.
ڕوونکردنەوەیەک دوای 24 کاتژمێر لە مردنی پێشمەرگەکە
پاش 24 کاتژمێر لە بێدەنگى دەزگا ئەمنییەکان لە بارەى مردنى تەمومژاوى ئاسۆ مەجيد پێشمەرگە لە یەکەی پاسەوانی سەر بە هێزەکانی زێرەڤانی، پۆلیسى هەولێر ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە.
فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە
لە ڕوونکردنەوەى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێردا ئاماژەبەوەکراوە، ئاسۆ مەجید بە گوێرەى ماددەى یەکەم لە یاساى ژمارە 21ى ساڵى 2003 فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە.
پۆلیس دەڵێت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە
بە گوتەى پۆلیسى هەولێر "ئاسۆ مەجید لە دووى نیسان دەستگیرکراوە نیوەرۆى پێنجى حوزەیران لەناو گرتووخانە کۆتایی بەژیانى خۆى هێناوە و پزیشکى دادەوەرى هەولێریش ئەمەیان پشتڕاستکردووەتەوە".
دەقی ئەو مادەیەی پێشمەرگەکەی پێ ڕاگیراوە
ماددەى یەکەم لە یاساى ژمارە 21ـى ساڵى 2003 دەڵێت "ههركهسێک به دهستی ئهنقهست و بهههر شێوهیهك له كارێكدا تێوهبگلێت به مهبهستی زیانگەیاندن بە ئاسایش، سهقامگیری و سهروهریی دامودهزگاكانی ههرێمی كوردستانی عێراق و ببێته هۆی كهوتنهوهی ئهو زیانه، به بهندكردنی هەتایی یان به بهندكردنی كاتی سزا دهدرێت".
کەسوکارەکەی دەڵێن ئەشکەنجە دراوە
ئەم تۆمەتبارکردنەى پۆلیسى هەولێر لە کاتێکدایە برایەکى ئاسۆ ئەمڕۆ بە کەناڵ8ـى گوت "دواى وەرگرتنەوەى تەرمەکە شوێنەوارى ئەشکەنجەیان پێوە بینیوە و هەربۆیە داواى دادپەروەرى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن". گوتیشى "دەمانەوێت ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە سزا بدرێن".
دەوامی لە لقی چواری پارتی بووە لە سلێمانی
ئاسۆ مەجید، پێشمەرگەیەکى زێرەڤانى بوو لە لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى دەوامى دەکرد، ڕۆژى دووى نیسان لەلایەن بەرپرسەکەوە نێردرا بۆ هەولێر، بەڵام بەرلەوەى بگاتە هەولێر لە بازگەى دێگەڵە دەستگیرکرابوو.
ئاسایش تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کردووەتەوە
لەو کاتەوە بەردەوام کەسوکارەکەى لە هەوڵدابوون بزانن بۆچى دەستگیرکراوە و لەکوێ دەستگیرکراوە، بەڵام بە گوتەی کەسوکارەکەی، بەرپرسانى پارتى تەنیا دەستى دەستییان پێکردوون، تاوەکو شەممە) 6/6/2026 تەلەفۆنیان بۆ کەسوکارەکەى کردووە بچن بۆ ئاسایش هەولێر لەوێ لەبری بینینى کوڕەکەیان، بەڵام لەوێ تەرمەکەیان ڕادەستکردوونەتەوە.
خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە
ئاسۆ، خێزاندارە و خاوەنى سێ منداڵە، هاوسەرەکەى دەڵێت، هاوسەرەکەم 35 ساڵە پێشمەرگەیە، تەلەفۆنیان بۆ کردوون و وایانزانیوە بۆ سەردانیکردنى هاوسەرەکەى بانگیان کردوون بۆ هەولێر، بەڵام کاتێک چوون پێیان گوتووە "بەداخەوە پیاوەکەت خۆى خنکاندووە."
گوتیشى "بەدرێژایی دیارنەبوونى هاوسەرەکەى لقى چوار وەڵامیان نەدەدانەوە و دەستى دەستییان پێکردوون، تەنیا چەند جارێکى کەم تەلەفۆنى کردووە و هیچ زانیارییەکیان پێنەداون و ڕێگەیان نەداوە سەردانى بکەن". گوتیشى "ئاسۆ کە ڕۆیشت گوتى ئێوارە دەگەڕێمەوە، بەڵام تەرمەکەیان پێداینەوە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا