شۆفێرێکی لاو جیهانی فۆرمولا 1ـی داگیرکردووە

مەستان حوسامەدین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشبڕکێی گەورەی مۆناکۆ کۆتاییهات، کیمی ئەنتۆنێلی تەمەن 19 ساڵ و شۆفێری تیمی مێرسیدس براوەی یەکەم بوو، دیسانەوە ڕیکۆردی شکاند لە جیهانی فۆرمولا 1.

گەنجترین شۆفێرە

تاوەکو ئێستا 6 پێشبڕکێی فەرمی فۆرمولا 1 بەڕێوەچووە، کە ساڵانی پێشوو تاوەکو ئەمکاتانە زیاترن، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، حەلەبەکانی وڵاتانی عەرەبی داخران لەم کاتەدا، بۆیە تەنیا 6 پێشبڕکێ بەڕێوەچووە کە پێشبڕکێیەکانی کەنەدا، مەیامی، ژاپۆن، چین و ئوستراڵیا و ئەمڕۆش مۆناکۆ بوون، تا ئێستاش لەسەر ئاستی شۆفێران کیمی ئەنتۆنێلی، شۆفێری تیمی مێرسیدس پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی گرتووە و زۆرترین خاڵی کۆکردووەتەوە، ئەنتۆنێلی تەنانەت ریکۆردی شکاند بەوەی لە 19 ساڵی و لە تەمەنێکی گەنجدا توانی سێ پێشبڕکێ بە پلەی یەکەم بباتەوە و پینج پێشبڕكێی لەسەریەکیش بە پلەی جیاواز براوە بووە، بەمەش بووە گەنجترین شۆفێر لە مێژووی فۆرمولا 1 لە وەرزێکدا و لە چەند پێشبڕكێی لەسەریەک براوە بێت.
لە پلەی دووەمیش جۆرج ڕەسلی هاوتیمی ئەنتۆنێلی دێت، پاشان هەریەکە لە چارلز لیکلێر، لویس هامیڵتۆن، شۆفێرانی فێراری، لاندۆ نۆریس، ئۆسکار پیاستری، شۆفێرانی ماکلارێن و ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری تیمی ڕیدبوڵ پلەی سێیەم تا حەوتەمییان گرتووە.
لەسەر ئاستی تیمیش، تیمەکانی میرسیدس، فێراری و ماکلارێن زۆرترین خاڵیان کۆکردووەتەوە، پێشبڕکێی مۆناکۆش هەمیشە بە یەکێک لە سەخترین پێشبڕکێیەکان دانراوە، بەهۆی سەختی حەلەبەکە و زۆری سوڕانەوەکانی کە 78 سوڕانەوەیە، هاوکات لە 1950ـەوە ئەم پێشبڕکێیە هەیە، تا ئێستاش تەنیا لویس هامیڵتۆن لە 2021 خێراترین سوڕانەوەی تەواوکردووە کە درێژی حەلەبەکە بە گشتی 260 کیلۆمەترە.
ماوەی دوو رۆژە پڕۆڤە بەردەوام بوو، دواتر هەر دوێنی لە قۆناغی پاڵاوتنەکاندا کیمی ئەنتۆنێلی و ڤێرشتاپن و هامیڵتۆن پلەی یەکەم تا سێیەمیان گرت.
ئەمڕۆش کیمی ئەنتۆنێلی براوەی پلەی یەکەم بوو، دووەمیش بۆ لویس هامیڵتۆن، شۆفێری تیمی فێراری و ئایساک هاجەر شۆفێری تیمی رێدبووڵ سێیەم بوو

مەستان حوسامەدین

3 کاتژمێر پێش ئێستا