قوباد تاڵەبانى: بڕیار دراوە ساڵی داهاتووش کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانى بەڕێوەبچێت
قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی دەڵێت: بەڕێوەچوونى کۆڕبەندەکە لەم کاتە هەستیارەدا گرنگە کە میوانانى بیانى و ناوخۆى تیایدا بەشدارن و بارودۆخى ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکرێت.
ساڵی ئایندەش هەر لە سلێمانی دەبێت
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ساڵى ڕابردووەوە بڕیاردراوە کە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی بەشێوەیەکى خوولی بەڕێوەبچێت و ساڵى ئایندەش بە هەمانشێوە کۆڕبەندەکە لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت.
دواکەوتنی حکومەت کاریگەریی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان کردووە
قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت ڕایگەیاند، شەرم دەکەم دواى ساڵێک و هەشت مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن نەیانتوانیوە لە نێوان دوو حیزبدا حکومەت پێکبێنن و دەشڵێت، ئەو دواکەوتنە کاریگەریى لەسەر ناوبانگى هەرێمى کوردستان هەبووە.
هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت
قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت و بەهەموو پێوەرەکان پێویستە پێکەوە لەگەڵ پارتى ئەو حکومەتە پێکبێنن.
پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت
جەختى لەوەشکردەوە، پارتى بەبێ یەکێتى ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەش کە یەکێتیش بەبێ پارتى ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت.
ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و دانوستان
ڕاشیگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆ و دانوستان و ڕێککەوتن لەسەر پێناسەیەکى نوێ بۆ حکومڕانى کوردستان، شەراکەتێکى ڕاستەقینە و دابەشکردنى بەرپرسیارێتی.
لەگەڵ پارتی دیدگای هاوبەشیان داڕشتووە
گوتیشى، لەگەڵ پارتى قۆناغى زۆریان بڕیوە دیدگایەکى هاوبەشیان داڕشتووەتەوە. هیواشى خواست، پارتى دیموکراتى کوردستان پەشیمان نەبووبێتەوە لە داڕشتنى ئەو دیدگایە و لە کوێوە گفتوگۆکان ڕاگیراون دەستپێبکەنەوە.
جەختیکردنەوە لە سیاسەتی یەکێتی
قوباد تاڵەبانى ئاماژە بەوەش دەکات، سیاسەتى یەکێتى ئەوەیە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت و دۆخەکەش وادەخوازێت و کاریش بۆ ئەوە دەکەن هەروەها دۆست و هاوپەیمانەکانیشیان هەمان داواکارییان لێ دەکەن.
گوتیشى، خەریکە دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت لە پایتەختەکانى جیهان، کاریگەریى لەسەر ناوبانگى هەرێمى کوردستان بکات.
سلێمانى پێویستی بە پەیوەندییەکى بەهێزە لەگەڵ تورکیا
لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، قوباد تاڵەبانى، ئاماژە بەوە دەکات، کارى زۆریان کردووە بۆ گۆڕینى ئەو تێڕوانینەى کە تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان بە تایبەت بۆ سلێمانى هەیبووە و گوتى، هەرێمى کوردستان و سلێمانى پێویستیان بە پەیوەندییەکى بەهێزە لەگەڵ تورکیا.
ڕاشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان یەکەم لایەن بووە کە پێشوازى لە پرۆسەى ئاشتى کردووە لە باکوورى کوردستان و هاوکار و هەماهەنگیش دەبن بۆ ئەوەى پرۆسەکە سەرکەوتووبێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا