هەناردەى نەوتى عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کێڵگەیەکی نەوت لە باشووری عێراق. فۆتۆ: AP
کێڵگەیەکی نەوت لە باشووری عێراق. فۆتۆ: AP

هەناردەى نەوتى عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە تەنیا نزیکەى 20 هەزار بەرمیلی، نەوتى هەرێمى کوردستانە.

ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

هەڵۆ جەبارى، ئەندامى لیژنەى وزە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، نەوتى بەسڕە بە تانکەر دەهێنرێتە کەرکوک و لەڕێگەى بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێت، دەڵێت، بەشێکى دیکەى ئەو نەوتە لەڕێگەى دەروازەى ڕەبیعەوە دەبرێتە سووریا و لەوێوە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرێت.

پلان هەیە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە زیاتر بکرێت

بەرپرسێکى کۆمپانیاى نەوتى باکوور، کە نەیویست ناوى بهێنرێت، بە کەناڵ8ـى گوت "ڕۆژانە 210 هەزار بەرمیل لە نەوتى کەرکووک و 15 بۆ 20 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەى بەندەرى جەیهان دەکرێت کە کۆى گشتییەکەى 225 هەزار بەرمیلە و پلان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بۆ 375 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە زیاد بکرێت".

زیادبوونی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

سەرچاوەکە گوتیشى "زانیارییان پێگەیشتووە لە داهاتوویەکى نزیکدا لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بەرهەمهێنانى نەوت زیاد دەکات و بەو هۆیەوە هەناردەى نەوتیش زیاد دەکات".

بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق

باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسڕە بۆ ڕۆژنامەی "سەباح" ئاشکراى کردووە، پلانێکی ستراتیجیی گشتگیریان هەیە و ئامانجی پلانەکە بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی نەوتى خاوى عێراقە لە ڕێگەی دەروازە جێگرەوەکانەوە بۆ زیاتر لە 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

خواستی هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

بەرپرسەکەى کۆمپانیای نەوتی بەسڕە جەختیکردەوە ئەم بڕە نزیکەی 60%ـی ئەو ئامانجە حکومییە پێکدەهێنێت، کە دەیەوێت توانای هەناردەکردن لەڕێگەی دەروازەی باکوور و هێڵەکانی هەناردەی بەستراو بە تورکیا و سووریاوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاد بکرێت.

کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز

بەهۆى داخستن یاخود سنووردارکردنى گەرووى هوورمز، عێراق لە سێى ئازارى ئەمساڵەوە هەناردەى نەوتى خاوى کەمبووەتەوە، بەشێوەیەک لە 18ـى ئازارى ئەمساڵ هەناردەى نەوتى کەرکوک لە هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەر درا، کە لەگەڵ بەشێکى کەم لە نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، عێراق بۆ کۆکردنەوەى داهاتەکانى 88% پشتى بە فرۆشتنى نەوت و 12% پشتى بە داهاتى نانەوتیی بەستووە، بەڵام بەهۆى کەمبوونەوەى فرۆشتنى نەوت لە ناوخۆدا بۆ دابینکردنى مووچە پەناى بۆ قەرز بردووە.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا