وەزیری کشتوکاڵ کۆتاییهاتنى وەرزى گلدانەوەی ئاوى لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، کۆتاییهاتنى وەرزى گلدانەوەی ئاوى لە هەرێمى کوردستان بۆ وەرزى 2025-2026 ڕاگەیاند.
پڕبوونی سەرجەم بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان
گوتیشى، ئەمساڵ ڕێژەى بەفر و بارانبارین لە هەرێمى کوردستان زۆربووە و ئەوەش وایکردووە، خەزنی ئاویان زۆربێت و سەرجەم بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان پڕببن لە ئاو و بەشێکى زۆریشیان سەرڕێژبوون.
بەنداوی دووکانیش بە تەواوی پڕ بووە
لە بارەى سەر ڕێژبوونى بەنداوى دووکانیشەوە، بێگەرد تاڵەبانی، گوتى، بەنداوەکە حسابى سەرڕێژبوونى بۆ دەکرێت چونکە بەتەواوى پڕبووە لە ئاو و ئەو بەشەکەمەى کە ماوە بۆ سەرڕێژبوون لە ئەنجامى بەردانەوەى ئاوبووە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
زیاتر لە 10 ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى گلدراوە لە هەرێمى کوردستان هەیە
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، زیاتر لە 10 ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى گلدراوە لە هەرێمى کوردستان هەیە و 30%ى خەزانى ئاوى عێراق لە ڕێگەى هەرێمى کوردستانەوە دابین دەکرێت.
بڕی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان
گوتیشى، تەنیا لە بەنداوى دووکان، شەش ملیار و 14 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەراورد بەساڵى ڕابردوو زیادیکردووە و لە ماوەی خەزنکردنی ئاودا، نزیکەى 11 ملیار و 46 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە هەردوو بەنداوى دووکان و دەربەندیخان گلدراوەتەوە.
بەگوتەى بێگەرد تاڵەبانى، لە ماوەى هەشت مانگدا لە بەنداوى دەربەندیخان 385 هەزار مێگاوات کارەبا و لە بەنداوى دووکانیش 83 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمهێنراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا