ژنێکی ڕفێنراو لە بەغداد ئازاد کرا
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی ژنێک لە بەغداد، گوایە ڕفێنراوە و ماوەی دوو مانگە بە زنجیر بەستراوەتەوە، هێزەکانی پۆلیسی خستە جووڵە و ئازادیان کرد.
داوای بە هاناوەچوون
ئەو ژنە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەیگوت،" فریام بکەون و لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانمدام".
بە زنجیر و قوفڵ بەستراوەتەوە
بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەکە، ژنەکە قاچەکانی پیشان دەدات، کە بە زنجیر و قوفڵ بەستراوە و دەڵێت، بە سێ قوفڵ بە پەنجەرەوە بەستوویانەتەوە، ئەشکەنجە دراوە و دۆخی زۆر خراپە.
هانای بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ بردووە
ژنەکە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى ناوخۆ دەکات، فریای بکەون، ئەگەر نا لە دوایین ڕۆژی ژیانی دایە.
پێکهێنانی تیمی لێکۆڵینەوە لە لایەن پۆلیسەوە
پۆلیسی ڕەسافە ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای ئەوەی ڤیدیۆکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.
ژنە ماوەی مانگێک بووە دەستبەسەر بووە
پۆلیس دەشڵێت، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ژنە ماوەی زیاتر لە مانگێک دەستبەسەر بووە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بووەتەوە.
ژنەکە ئازادکراوە
پۆلیسی ڕەسافە باسلەوە دەکات، ژنەکەیان ئازادکردووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
تۆمەتباری ڕووداوی ڕفاندنەکە دەستگیر بکرێت
پۆلیس جەخت لەوە دەکاتەوە، توانیویانە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە ڕفاندنی ژنەکە، دەستگیری بکەن و ڕێکاری یاسایی لە دژی گیراوەتە بەر و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر، ڕاگیراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا