قالیباف: ئەمریکا و ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست نین و تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن
پاش هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کە دوو باڵەخانەی باشووری بەیروتی کردە ئامانج، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل پابەندی بنەماکانی ئاگربەست نین و تەنیا زمانی هێز تێدەگەن، گوتیشی، ئەمریکا مۆڵەت و گڵۆپی سەوزی بە ئیسرائیل داوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی.
مەترسی کاردانەوەی ئێران لەسەر هێرشەکان لوبنان
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت و بەردەوامیی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، کاردانەوە و وەڵامدانەوەی لێدەکەوێتەوە.
ئەگەری هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل
قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشێلکارییانە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانجێکی ڕەوا بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران، هاوکات لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران پێشبینی وەڵامدانەوەی خێرایان کردووە و ڕایانگەیاند، کە ئەمشەو سەیری ئاسمانی ئیسرائیل بکەن، میدیاکانی ئیسرائیلیش چاوەڕوانی هێرشێکی سنووردار لەلایەن تارانەوە دەکەن.
هێشتا ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، پنتاگۆن دەڵێت، هێشتا ڕەنگدانەوەی هیوایەکە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، و وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا بەردەوامە و پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتنێکی گونجاو، پیت هێگسیت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی کردەوە بۆ گرتنەبەری هەر بژاردەیەکی پێویست لە ئەگەری شکستبوونی پرۆسەی دانوستانەکان.
ئەم هێرشە ئاسمانییانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت پاش ئەوە دێن کە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل لە لایەن حیزبوڵای لوبنانییەوە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی ببوونەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا