دۆناڵد ترەمپ: هەرچی من سەبارەت بە ئێران بیڵێم دەبێت نەتانیاهوو قبووڵی بکات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران دانبەخۆیدا بگرێت و دەڵێت، ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبن هێزی تایبەت دەنێرێتە ناو خاکی ئێران، هاوکات سووریاش بە هاوکار بۆ وەشاندنی گورز لە حیزبوڵا ناودەبات.

داواکاری ترەمپ بۆ دانبەخۆداگرتنی ئیسرائیل

دوا بەدوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر چەند شارێکی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا. ترەمپ داوای لە نەتانیاهوو کردووە لە ئێستادا وەڵامی سەربازیی ئێران نەداتەوە و کاتی زیاتر بدرێتە پڕۆسەی دانوستانەکان.

هەڕەشەی ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو ئێران

ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی ئەمریکا جەختی لە هەژموونی خۆی بەسەر بڕیارەکاندا کردەوە و ڕایگەیاند: "هەرچی من سەبارەت بە ئێران بیڵێم دەبێت نەتانیاهوو قبوڵیکات". ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر بژاردەی دانوستان سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ڕەوانەی ناو خاکی ئێران دەکات.

سووربوونی ئیسرائیل لەسەر وەڵامدانەوە

بە پێچەوانەی داواکارییەکەی ترەمپ، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە وڵاتەکەیان بڕیاری وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێرانی داوە. لە ئێستادا سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ دیاریکردنی کات و قەبارەی ئەو گورزە سەربازییەی کە ئاراستەی ئێرانی دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشەکانی شەوی ڕابردوو گرژییەکانی گەیاندە لوتکە و کایەی ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەی داخست.

هەماهەنگی سووریا بۆ لێدانی حیزبوڵا

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی (NBC News)، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئامادەیە ئاسانکاری بکات بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی ورد لە حیزبوڵای لوبنان. ترەمپ، شەرعی بە سەرکردەیەکی "زۆر باش" وەسف کرد کە توانیویەتی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی 2024، سەقامگیری بۆ سووریا بگێڕێتەوە.

بێدەنگی دیمەشق لە ئاست لێدوانەکانی ترەمپ

سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ لێدانی حیزبوڵا، ترەمپ جەختی کردەوە کە سووریا ئامادەی هاوکارییە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی دیمەشق بە فەرمی هیچ وەڵامێکی ڕاستەوخۆیان بۆ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا نەبووە و هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا