د.داهات حەوێزی: فشاری دەروونی و خەمۆکی بە دوژمنی چارەخوازانی بەرزەفشاری خوێن دادەنرێن

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەنجامی پشکنینی کەسێک کە گرفتی بەرزەفشاری خوێنی هەیە
وێنەی ئەنجامی پشکنینی کەسێک کە گرفتی بەرزەفشاری خوێنی هەیە

د.داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان و شەکرە، چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە گرفتی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە.

چۆن فشاری دەروونی و خەمۆکی فشاری خوێن بەرز دەکەنەوە؟

  1. فشاری دەروونی دەبێتەهۆی دەردانی هۆڕمۆنەکانی ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ، ئەم هۆڕمۆنانەش دەبنەهۆی خێرابوونی لێدانی دڵ و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن
  2. فشاری دەروونی و خەمۆکی دەبنەهۆی تێکچوونی شێوازی ژیان، واتە کەسەکە لە کاتی بوونی فشاری دەروونی و خەمۆکیدا کەم دەجوڵێت، خواردنی ناتەندروست دەخوات، کەم دەخەوێت و جگەرە دەکێشێت، ئەم هۆکارانەش دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
  3. فشاری دەروونی و خەمۆکی دەبنەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی فرمانەکانی کۆئەندامی مێشک و دەمار، تێکچوونی باڵانسی ئارامبوونەوە و وەڵامدانەوەی جەستە، ئەم حاڵەتانەش مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان زیاد دەکەن

کۆنتڕۆڵکردنی فشاری دەروونی و چارەسەرکردنی خەمۆکی هەنگاوی یەکەمن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرفتی بەرزەفشاری خوێن و پاراستنی تەندروستیی دڵ

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا