شیرەمەنییەکان ئەم سوودانەیان بۆ تەندروستییت هەیە

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرهەمە شیرەمەنییەکان
بەرهەمە شیرەمەنییەکان

بەرهەمەکانی شیر یان شیرەمەنییەکان، سوودی گرنگیان بۆ تەندروستی هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی دروست بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشی جەستەیان داببەزێنن، تەندروستتر ببن و لە چەندین نەخۆشی بەدوور بن.

سوودەکانی شیرەمەنییەکان

بەهێزبوونی ئێسک و ددان

شیرەمەنییەکان دەوڵەمەندن بە کالسیۆم، فۆسفۆر و پڕۆتین، هەموو ئەمانەش ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی ئێسک و ددانەکاندا هەیە، بەشێک لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە ڤیتامین دی دەوڵەمەندکراون، ئەمەش هەڵمژینی کالسیۆم لە جەستەدا باشتر دەکات.

خواردنی ڕۆژانەی شیرەمەنییەکان ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە فشەڵبوونی ئێسک لەکاتی بەتەمەنچووندا.

گەشە و ساڕێژبوونەوەی ماسولکەکان

شیرەمەنییەکان پڕۆتینی باشیان تێدایە، ئەمەش بەتایبەتی بۆ منداڵان، کەسانی بەساڵاچوو و وەرزشوانان گرنگە بۆ هێشتنەوەی ماسولکەکانیان.

خواردنەوەی شیریش لە پاش وەرزشکردن بژاردەیەکی باشە بۆ پشوودان و ساڕێژبوونەوەی ماسولکەکان.

دڵ تەندروستتر دەکات

ئەو بەرهەمە شیرەمەنییانەی ترش دەکرێن وەکو ماست، سوودی زۆریان بۆ تەندروستیی دڵ هەیە.

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە، ئەو چەورییە سروشتییەی لەناو شیرەمەنییەکاندا هەن بە هیچ جۆرێک مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو زیاد ناکەن.

یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن دەدەن

شیرەمەنییەکان دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم، کالسیۆم، مەگنیسیۆم و ئەو کانزایانەی یارمەتیی ڕێکخستنەوەی فشاری خوێن دەدەن.

باشترکردنی تەندروستیی کۆئەندامی هەرس

بەهۆی پڕۆسەی ترشکردنەوە، ماست دەوڵەمەندە بە بەکتریای سوودبەخش، ئەمەش پڕۆسەی هەرس ئاسانتر دەکات و مەترسیی تووشبوون بە گرفتەکانی کۆئەندامی هەرس کەم دەکاتەوە.

ڕێکخستنەوەی کێشی جەستە

ئەو پڕۆتینەی لەناو بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا هەیە، وادەکات بۆماوەیەکی زیاتر هەست بە تێری بکەیت.

هەندێک توێژینەوەش دەریانخستووە کە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ماسولکەکان لەکاتی دابەزاندنی کێشی جەستەدا.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا