200 هەزار دینار جیاوازی لە نێوان جوتیاراندا؛ بۆچی گەنمی کورد و تورکمان لە کەرکووک بە هەرزانتر دەبڕدرێتەوە؟

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشەیەک لە گردبوونەوەی جووتیارانی کەرکووک
گۆشەیەک لە گردبوونەوەی جووتیارانی کەرکووک

جوتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک دژی جیاوازیی نرخی کڕینەوەی گەنم لەنێوان ناوەوە و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای یەکسانی لە نرخ و چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانیان دەکەن.

گردبوونەوە لەبەردەم بینای پارێزگا

ئەمڕۆ جوتیارانی ناوچەکانی سەرگەڕان، داقووق، تۆپزاوا و چەند ناوچەیەکی دیکەی کەرکووک لەبەردەم بینای پارێزگا گردبوونەوە. خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر ئەو نرخەی حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان دیاریکردووە، چونکە بەشێکی زۆری زەوییەکانیان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی هەژمار کراوە.

جیاوازیی نرخەکان و زیانی جوتیاران

بەگوێرەی پلانی کشتوکاڵیی عێراق، تەنیا 300,000 دۆنم زەوی لە کەرکووک خراوەتە ناو پلانی فەرمی، کە گەنمەکەیان بە نرخی پاڵپشتیکراو و بە 700,000 دینار بۆ هەر تۆنێک لێوەردەگیرێت. بەڵام ئەو جوتیارانەی لە دەرەوەی پلانەکەن، تەنیا 500,000 دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم وەردەگرن، ئەمەش زیانێکی دارایی گەورەی بە جوتیارانی کورد و تورکمان گەیاندووە.

محەممەد ئەمین: حکومەتی عێراق لەبری قەرەبوو سزامان دەدات

محەممەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان ڕایگەیاند، زۆربەی زەوییەکانی کورد و تورکمان بەهۆی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە پلانی کشتوکاڵی بێبەشکراون. داوای کرد گەنمەکانیان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بە 700,000 دینار لێوەربگیرێت، ڕێگرییەکانی بازگەکان نەمێنێت و شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووشیان بۆ خەرجبکرێت.

پشتیوانیی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ جوتیاران

عەبدوڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ داواکاریی جوتیاران دەربڕی و ڕایگەیاند: "داواکاریی جوتیاران بۆ زیادکردنی نرخی گەنم ڕەوایە". ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشانە بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی موڵکداریی زەوییەکان دەگەڕێتەوە کە تاوەکو ئێستا بڕیارەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێکارە ئەمنییەکان و وەرگرتنی گەنم

ئیدارەی کەرکووک ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ ڕاسپێردراوە لیستێک بۆ ناوی جوتیاران و بارهەڵگرەکان ئامادە بکات بۆ کارئاسانی. هاوکات هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی کەرکووک لە بازگەکان چاودێریی بارهەڵگرەکان دەکەن و لە زۆربەی ناوچەکان پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان بەردەوامە.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا