هاينەر بۆ پێرێز: ئۆلیسێ بۆ فرۆشتن نییە
هێربێرت هاینەر، سەرۆکی یانەی بایرن میونشن، بە توندی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە هەوڵەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید دەکەن بۆ کڕینی مایکل ئۆلیسێ بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ.
ئۆلیسێ هی خۆمانە
هاینەر بە ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ڕاگەیاند، ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت ئۆفەرێک بۆ بایرن میونشن بنێرێت، پێویست ناکات خۆی ماندوو بکات، چونکە سوودی نییە.
سەرۆکی بایرن جەختی لەوەش کردەوە، کە ئۆلیسێ خاوەن گرێبەستێکی درێژخایەنە و یانەکەیان لەو جۆرە یانانە نییە یاریزانەکانی بفرۆشێت، ئاماژەی بەوەش کرد تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی لە پێرێزەوە نەگەیشتووەتە دەست یانە باڤارییەکە، ئەگەر ئۆفەرەکەشیان بەدەست بگات وەڵامەکەی نەخێر دەبێت.
جێگەی باسە ئەو دەنگۆیانە دوای ئەوە دێت، کە پێرێز بەڵێنی دابوو ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ریاڵ مەدرید، بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی ئاست بەرزدا ئەنجام بدات، ئۆلیسێش کە تاوەکو ساڵی 2029 گرێبەستی هەیە و هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوەی تێدا نییە، وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە و 22 گۆڵی تۆمارکردووە، بووە هۆی بەدەستهێنانی خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا بۆ یانە باڤارییەکە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا