پێرێز سەرۆکە و مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە...شۆڕشێکی نوێ لە ریاڵ مەدرید

مەستان حوسامەدین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ململانێی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەردەمێکی نوێی بەخۆیەوە دەبینێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی مێژوویی یانەکە، جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەی گرتەوە دەست.

گرێبەست و بەڵێنە گەورەکانمان دەبەینەسەر


پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو کە پێرێز بەبێ ڕکابەری گەورە دەرچوو، بەڵام ئەمجارە ناوی بازرگانی گەنج ئێنریکی ڕیکێلمی هاتە ئاراوە و وەک ڕکابەرێکی سەرەکی لەبەردەم سندوقەکانی دەنگداندا لەبەردەم پێرێز دەرکەوت.
ڕیکێلمی لە ماوەی ڕابردوودا هێرشی توندی کردە سەر پێرێز و لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندبوو: "پێرێز دەستی هەیە لە شاردنەوەی دۆسیەی نێگریرا" (کە دۆسیەیەکی گەورەی تۆمەتبارکردنی بەرشلۆنەیە بە گەندەڵی گشتی)، ململانێی نێوان پێرێز و ڕیکێلمی سەرنجی میدیاکانی بەتەواوی ڕاکێشا پێش ئەوەی پێرێز پۆستەکە یەکلایی بکاتەوە.
دیارترین و چاوڕوانەکراوترین بەڵێنی پێرێز بۆ ئەم خولە نوێیە، گەڕانەوەی ڕاهێنەری پورتوگالی جۆزێ مۆرینیۆ بوو بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، پێرێز بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر من ببمەوە سەرۆک، مۆرینیۆ دەبێتەوە ڕاهێنەر". مۆرینیۆ خۆیشی سەرەتا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بابەتەکە کرد و ڕایگەیاندبوو کە هیچ تەلەفۆنێکی فەرمی لە مەدریدەوە بۆ نەهاتووە، بەڵام دواتر ئاماژەی بە ڕەزامەندی خۆی دا و وتی: "من ڕازیم".
جگە لە کۆمەلێک گۆرانکاریی ئیداری و بەڕیوەبردن، پێریزی سەرۆک بەڵێنی چەندین گرێبەستی گەورەی بە هاندەرانی یانەی شاهانە داوە، بەڵێنی ئەوەشی دا وەرزی داهاتوو ریاڵ مەدریدێکی تۆقێنەر دەبیننەوە.
شۆڕش لە پێکهاتەی یانەکە ئامانجی سەرەکیە، بەگوێرەی سەرچاوە و میدیا ئیسپانییەکان، یانەی شاهانە دوو گرێبەستی یەکلایی کردووەتەوە کە ئیبراهیما کۆناتێ و دینزیل دومفریسە، بەڵام هێشتا لەسەر هێڵن بۆ رازیکردنی بایرن میونشن تاوەکو مایکڵ ئۆلیسی بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بگوازنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی مۆرینیۆ، میدیاکان ئاماژە بەوە دەدەن، یانەکە بە فەرمانی ڕاهێنەرەکە "لیستێکی ڕەش"یان ئامادەکردووە کە ناوی چەندین یاریزانی وەکو رۆدریگۆ، کاماڤینگا، فران گارسیا، مەستانتونۆ و دانی سیبایۆسی تێدایە، ئەمانە بۆ وەرزی داهاتوو ئەگەری هەیە ماڵئاوایی بکەن.

مەستان حوسامەدین

3 کاتژمێر پێش ئێستا