ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: داواکاریی جووتیاران ڕەوایە و دەبێت پشکی کەرکووک زیاد بکرێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شێخ زاهر ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەپێکهاتەی عەرەبی
شێخ زاهر ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەپێکهاتەی عەرەبی

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەپێکهاتەی عەرەبی، سەبارەت بەکێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران ڕایگەیاند، داواکاری جووتیارانی کەرکووک ڕەوایە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە حکومەتی خۆجێی و حکومەتی فیدراڵ بەدەم داواکارییەکانیان بێن و جێبەجێیان بکەن.

کەمکردنەوەی نرخی گەنم و نیگەرانیی جووتیاران

سەبارەت بە پرسی نرخی گەنم، شێخ زاهر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەبی بۆ کەناڵ8 باسی لەوە کرد، وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بە 700 هەزار دینار غەدرە و لە جووتیار دەکرێت، چونکە نرخەکە تاوەکو وەرزی پێگەیشتنی گەنم هەر 850 هەزار دینار بووە و جووتیار بێخەم بووە، بەڵام لە وەرزی بەبازاڕکردندا ڕاگەیەندراوە نرخەکە کەمکراوەتەوە بۆ 700 هەزار دینار و ئەوان زەرەرمەند دەبن. هەر لەو بارەیەوە وتی، وەک ئەنجوومەنی پارێزگا داوامان کردووە نرخی هەر تۆنێک گەنم بگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشووی خۆی کە مەبەست لێی 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.

پێویستیی زیادکردنی پشکی کەرکووک

لەبارەی پشکی پارێزگاکەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت پشکی کەرکووک لە وەرگرتنی گەنم زیاد بکرێت، چونکە پلانی کشتوکاڵی لە وەرزی وشکەساڵیدا دانراوە، بەڵام لە دوای وەرزی بارانبارین، بەرهەمی جووتیاران لەمساڵدا زۆر زیادی کردووە و دەبێت پشکی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران زیاد بکرێت.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ داکۆکی لە مافی جووتیاران

دەربارەی هەڵوێستی ئەنجوومەنی پارێزگاش شێخ زاهر دڵنیایی دا کە لە ئەنجوومەنی پارێزگا داکۆکی لە مافی جووتیاران دەکەن و هەر ئەمڕۆ دانیشتنێکی بەپەلە دەکرێت بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکانی ڕۆژی ڕابردوو و دروستبوونی پشێوی لەسەر زیادەڕۆیی لە گەڕەکەکانی شارەکە.

کاریگەریی گۆڕانی نرخ لەسەر بژێویی جووتیاران

سەبارەت بە ڕەوایی داواکارییەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باسی لەوە کرد و وتی: "داوای جووتیاران شەریعییە و دوو داواکارییان هەیە، یەکەمیان نرخی گەنم بۆ هەر تۆنێکە؛ پێشتر 850 هەزار بووە و ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 700 هەزار، هێشتا هەر دەنگۆیە و هیچ لایەنێکی بەرپرسیار نەهاتووە بڵێ ئەمە نرخی کۆتایی گەنمە، جووتیاریش نیگەرانە چونکە کاتێک دەستی بە چاندنی گەنم کرد نرخەکە وەک خۆی بوو، بەڵام دوای ئەوەی وەرزی بەبازاڕکردن دەستیپێکرد، ئەوکات پێیان ڕاگەیەندراوە نرخەکە 700 هەزارە و بەوەش جووتیاران زەرەرمەند دەبن".

40%ـی خەڵکی عێراق بژێوییان لەسەر کشتوکاڵە

لە پەیامێکیشدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان شێخ زاهر باسی ئەوەی کرد و وتی: "داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی خۆجێی و حکومەتی عێراق دەکەین دادپەروەر بن لەگەڵ چینی جووتیاران کە 40%ـی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن و بژێوییان لەسەر کشتوکاڵە. داوای دووەممان زیادکردنی پشکی کەرکووکە لە وەرگرتنی گەنم لە پلانی کشتوکاڵیدا، بەوپێیەی کاتێک پلانەکە دانرا، پێش وەرزی بارانبارین و لە کاتی وشکەساڵیدا بوو، بۆیە بڕی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک کەمتر دانرا، بەڵام دوای بارینی بارانێکی زۆر کاریگەریی هەبوو لە زیادبوونی بەرهەمی گەنمی جووتیاران، هەر بۆیە ئێستا دۆخەکە لە دوای بارانبارین جیاوازە و جووتیار بەرهەمێکی زۆری هەیە و دەبێت لێی وەربگیرێت؛ ناکرێت ئەمساڵ وەک ساڵانی وشکەساڵی مامەڵە لەگەڵ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بکرێت".

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا