لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەردانی لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک
سەردانی لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک

بۆ ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی شاری کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی، لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووکی کرد.

مەبەستی سەرەکی سەردانی لیژنە ئەمنییەکە بۆ کەرکووک

عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند، مەبەستی سەردانی لیژنەکە تۆمارکردنی پێداویستییەکانی پۆلیس و دابینکردنیانە، وەکو قۆناغی کۆتایی، تاوەکو دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی بکرێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن.

پۆلیس ئامادەیە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی

گوتیشی، وەکو پۆلیسی کەرکووک ئامادەیی تەواویان هەیە، تاوەکو دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە وەربگرنەوە.

لیژنەکە کۆبوونەوە لەگەل دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەکات

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لیژنە باڵاکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆبوونەوە لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەکات و پاش تەواوکردنی ڕێکارەکان، چاوەڕێی وەزیری ناوخۆی عێراق و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکرێت، تاوەکو بەفەرمی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە، ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی کەرکووک دەکرێت.

دۆسیەی ئەمنی کەرکووک نزیکەی 10 ساڵە لە دەستی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکاندایە

هەنگاوەکانی ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک کە لەدوای ڕووداوەکانی ساڵی 2017 کەوتە دەستی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەکەرکووک، لەکاتێکدایە بڕیارە بەمنزیکانە، کورد پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک وەربگرێتەوە.

بەڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە، سوپای عێراق لە دەوروبەری کەرکووک جێگردەبن و ئەرکەکانی دیکە بەپۆلیس ڕادەستپێردرێت بەتایبەت بازگەکانی سنوری کەرکووک.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا