پزیشکیان: لە بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەکدا پاشەکشە ناکەین
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕاگەیاند، لە بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەکدا پاشەکشە ناکەن و بەردەوامن لە کارکردن لە مەیدانی جەنگ و دانوستانەکان، بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە 100 ڕۆژە، بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە.
بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان
پزیشکیان لە پۆستێک لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی گەلی ئێران کاری لە پێشینەیانە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هێزەوە بەرگریی لە مافەکانی نەتەوەکەیان دەکەن و لە بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەکدا پاشەکشە ناکەن.
جەنگ و دانوستان بەردەوامە
پزیشکیان لەبارەی بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە نووسیویەتی :"دیپلۆماسی و بەرگریی دوو باڵی هاوتای یەکدین، نە لە گۆڕەپانی جەنگ و نە لە دانوستان وازمان نەهێناوە".
هەروەها سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکردووە :"بە ویستی خودا و بە یەکڕیزی و ژیرانە، ئێران لەم تاقیکردنەوەیەشدا بە سەرکەوتوویی دەردەچێت".
2 کاتژمێر پێش ئێستا