پەروین فاتیح: سێ لیژنە لەسەر کێشەی گەڕەکی شەریکە تارق پێکهێنرا

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پەروین فاتیح،ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک فۆتۆ: کەناڵ8
پەروین فاتیح،ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک فۆتۆ: کەناڵ8

پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەبارەت بە کێشەی زەوییە زیادەڕۆکانی گەڕەکی شەریکە تارق، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کێشەکە پەیوەندی بە ئیدارەی پێشوەوە هەیە و چارەسەر نەکراوە، بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان ئەنجامداوە تیایدا بڕیاریان داوە سێ لیژنەی سەرەکی (وەبەرهێن، یاسایی، خزمەتگوزاری) پێکبهێنن و بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی گەڕەکەکە بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بن.

داوای کشاندنەوەی سکاڵاکان کراوە

پەروین فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە وەبەرهێنەرەکان کردووە لەسەر ئەو دۆخەی دوێنێ ڕوویداوە سکاڵاکانیان بکشێننەوە تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکە ئاسانتر بێت.

مافی هاونیشتمانیانی ئەو گەڕەکە نافەوتێت

گوتیشی، بەهیچ جۆرێک مافی هاونیشتمانییانی ئەو گەڕەکە نافەوتێت و قەرەبوویان دەکەنەوە، بەڵام هەندێک لە بازرگان هەیە ئەم زەوییانە بۆ سودی خۆی بەکاردەهێنێت، قەرەبووی ئەوانە ناکەنەوە.

قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی ناویان تۆمارکراوە

هاوکات، دلێر زێدان، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک، سەبارەت بە هەمان کێشە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2023 بە دیاریکراوی 20 خانوو لەسەر ئەم زەوییانە دروستکراون، داوا لە بنکەی پۆلیس دەکەین ئامارێکمان بدەنێ بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو ماڵانەی کە ناویان تۆمارکراوە، ئەوانەشی کە کرێچین بەهیچ جۆرێک قەرەبووکردنەوە نایانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەرەبووکردنەوەکە بە ڕیککەوتن لەگەڵ (ئەنجومەنی پارێزگا، وەبەرهێنان، شارەوانی) ئەنجام دەدرێت.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا