لە هەولێر گەنجێک لەلایەن بەرپرسێکی سەربازیی پارتییەوە ئەشکەنجە دەدرێت
لە هەولێر، گەنجێک دەچێتە داخوازی کچێک و لەسەر ئەو کارە، لەلایەن بەرپرسێکی سەربازیی پارتی و چەند کەسێکەوە ئەشکەنجەیەکی قورس دەدرێت. ئاسایشیش بێدەسەڵاتی خۆی بەرامبەر ئەو ماڵە و بەرپرسەکە دەردەبڕێت، پۆلیسى هەولێریش دەڵێت، دوو تۆمەتباریان لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکردووە.
گەنجەکە دانیشتووی گەرەکی دارەتووە
ئەو گەنجە ناوی زانا سەلیمە و دانیشتووی گەڕەکی دارەتووە، گەنجەکە چەند شەوێک پێش ئێستا، لەگەڵ دایکی چووەتە داخوازی کچێک، بەڵام داخوازییەکە لەلایەن ماڵی کچەکەوە ڕەتکراوەتەوە.
براو باوکی کچەکە و بەرپرسێکی سەربازیی پارتی ئەشکەنجەی دەدەن
ڕۆژێک دواتر، برا و باوکی کچەکە و بەرپرسێکی باڵای سەربازیی پارتی، دەچنە سەر ماڵی گەنجەکە و بەم جۆرە قورسە ئەشکەنجەی دەدەن کە لە دیمەنەکاندا دەبینرێت.
ئاسایشی هەولێر بێدەسەڵاتی خۆی بەرامبەر بەرپرسێکی پارتی دەردەبڕێت
ماڵی گەنجەکە بەهیوای بەدەستهێنانی مافی کوڕەکەیان، لە ئاسایش سکاڵا دەکەن، بەڵام ئاسایشیش دەستەوەستانی و بێدەسەڵاتی خۆیان دەردەبڕن و پێیان دەڵێن، بەرامبەر ئەو ماڵە هیچیان پێناکرێت، چونکە لە بەرپرسێکی باڵای پارتییەوە نزیکن.
پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر کردووە
دوای بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پۆلیسى هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هانای کێشەکەوە چوون و دوو تۆمەتباریان لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکردووە.
پۆلیسى هەولێر دەشڵێت، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە، بنکەی پۆلیسی دارەتوو، توانییان لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و ڕادەستی یاسایان بکەن.
پۆلیسى هەولێر باسى لەوەشکردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاریی وردتر لەسەر ڕووداوەکە بڵاودەکەنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا