دەزگای ئاسایشی هەرێم: لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا چوار درۆن کەوتوونەتە خوارەوە

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان
لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا چوار درۆن کەوتوونەتە خوارەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانیش هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

لە دوو ناوچەی جیاواز خراونەتە خوارەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا چوار درۆن لە دوو ناوچەی جیاواز کەوتوونەتە خوارەوە، کە کاتژمێر 12:30 خولەکی شەوی ڕابردوو دوو درۆن لە نزیک فەرماندەیی هێزەکانی 70 بووە، دوو درۆنی دیکەش پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە کاتژمێر 14:20 بۆ 14:30 خولەک بووە کە هێرشیان کردووەتە سەر کەمپێکی پەنابەران لە کۆیە.

هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبووە

تیمەکانی فریاگوزاری و لێکۆڵینەوەی سەر بە دەزگای ئاسایش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێرش و کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە هیچ زیانێکی گیانی توندی لێنەکەوتووەتەوە

پاش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و ڕێککەوتنی ئاگربەست ئێران ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند دام و دەزگایەکی ئەمنی هەرێمی کوردستان.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا