ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە
ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەخت لە پاراستنی سەروەریی وڵات و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکاتەوە، هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەش دەکات، پێشێلی ئاسایش و سەقامگیری دەکەن. هەروەها ڕەتیدەکاتەوە خاک و ئاسمانیی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
بەسەرپەرشتی عەلی زەیدی کۆبوونەوەکە بەڕێوە چووە
ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران عێراق ئەنجامدا.
خستنەڕووی پلانەکانەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گرنگترین لێکەوتە و پێشهاتە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر ناوخۆی وڵات کراوە، دوایین پلانە خۆپارێزییەکان خراونەتەڕوو بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
جەختکردنەوە لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە
بە گوتەی سەباح نوعمان، عەلی زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە کارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردووەتەوە، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی وڵات هەیە.
پێشکەشکردنی کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باس لەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە پێشکەش کراون، کە گرەنتی وڵامدانەوەی خێرا، بۆ گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان دەکات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا