مونا یاقوو: ليژنەی لێکۆڵینەوەمان بۆ گیان لەدەستدانی ئاسۆ مەجید پێکهێناوە

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مونا یاقو، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ.
مونا یاقو، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ.

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئاسۆ مەجید، ئەو پێشمەرگەیەی زێڕەڤانی پێکهێناوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی کرا و پێیان ڕاگەیێنرا، خۆی کوشتووە.

سەردانی لایەنە پەیوەندارەکان دەکەن

مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "لیژنەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى گیان لەدەستدانی ئاسۆ مەجید پێکهێناوە، لیژنەکەیان سەرقاڵی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانن، لەپێناو گەیشتن بە ڕاستییەکان".

وەرگرتنی زانیاری لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەکەی زێرەڤانی

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، لیژنەکەیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، بنکەی پۆلیسی سەیداوەی کردووە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەردانی پزیشکی دادیی هەولێر بکەن، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە.

دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ڕاگەیێنراوی فەرمی دەبێت

مونا یاقوو ئەوەشی بە کەناڵ8 گوت، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان، ڕاگەیێنراوێکی فەرمییان دەبێت، یان لەڕێگەی گوتەبێژی فەرمیی دەستەکەیانەوە، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن، سەبارەت بەو زانیارییەی پێی دەگەن لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە.

ئەو مادەیەی ئاسۆ مەجیدی پێ تۆمەتبار کراوە

کەناڵ8 زانیویەتی، ئەو ماددە یاساییەی ئەو پێشمەرگەیەی لەسەر ڕاگیرابوو، لە دەسەڵاتی هێزەکانی ئاسایش و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە کەسوکارەکەی ئاگادارکراونەتەوە، کە کوڕەکەیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ماددە یاساییەی ئاسۆ مەجیدی پێ تۆمەتبار کرابوو، بریتییە لە ماددەی 1ـی یاسای ژمارەی 21ـی ساڵی 2003، کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لەو تاوانەش، لە تایبەتمەندیی هێزەکانی ئاسایش و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە.

ڕاگەیێنراوی پۆلیسی هەولێر لەسەر ڕووداوەکە

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسیی هەولێر، ڕاگەیێنراوێکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، تۆمەتبار ئاسۆ مەجید قادر، کە پێشمەرگەی زێرەڤانی بووە، لە ڕێکەوتی 5ـی حوزەیرانی 2026 و لە کاتژمێر 12:20ـی نیوەڕۆ، لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا