10 ئۆتۆمبێلی چینی بەرامبەر2 ئۆتۆمبێلی ئەمریکی؛ جەنگی نرخەکان لە پێشانگاکانی هەرێمدا

ئارا ئیبراهیم 5 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەکی ئۆتۆمبێلی چینی لە یەکێک لە بەندەرەکانی وڵاتی چین، کە ئامادەکراون بۆ هەناردەکردن. فۆتۆ: AFP
ژمارەیەکی ئۆتۆمبێلی چینی لە یەکێک لە بەندەرەکانی وڵاتی چین، کە ئامادەکراون بۆ هەناردەکردن. فۆتۆ: AFP

هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی نیو ملیۆن ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە و لە ئێستاشدا ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەهۆی هەرزانیی نرخەکانیانەوە بەشێکی زۆری بازاڕەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ڕکابەریی جۆرە ژاپۆنی و ئەمریکییەکان دەکەن.

ئامارەکانی هاوردەکردن لە سێ ساڵی ڕابردوودا

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆی گشتی 479,017 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیەیە:

  • لە ساڵی 2023دا: 122,898 ئۆتۆمبێل.
  • لە ساڵی 2024دا: 172,234 ئۆتۆمبێل.
  • لە ساڵی 2025دا: 183,885 ئۆتۆمبێل.

هەژموونی ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕەکانی هەرێم

یادگار جەوهەر، بازرگانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلی چینی 40%ی کۆی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی هەرێم پێکدەهێنێت و 50%ی بازرگانانیش ڕوویان لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کردووە لە چینەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە خواستی هاونیشتمانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی زۆرە، بە جۆرێک لە بەرامبەر فرۆشتنی 2 ئۆتۆمبێلی ئەمریکی یان ژاپۆنی، 10 ئۆتۆمبێلی چینی دەفرۆشرێت. هەرزانترین ئۆتۆمبێلی چینی جۆری (BYD)ە کە نرخەکەی 12,200 دۆلارە، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی وەک کامری نرخەکەی دەگاتە 25,000 دۆلار.

کاریگەریی جەنگ و داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتی ئەمساڵ و داخستنی گەرووی هورمز، پڕۆسەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کەم بووەتەوە. یادگار جەوهەر باس لەوە دەکات کە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا لە بازاڕدا هەن، ئەو بڕەیە کە پێش جەنگ هاوردە کراون. بازرگانان بەشێکیان ڕاستەوخۆ دەچنە پەکین و لەوێوە لە ڕێگەی دەریاوە ئۆتۆمبێل ڕەوانە دەکەن، هەندێکیشیان لەناو کەشتییەکاندا مامەڵە بە ئۆتۆمبێلەکانەوە دەکەن و دەیانفرۆشنەوە بە بازرگانانی ناوخۆ.

مۆڵەت و دەروازە سنوورییەکان

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکان لە وڵاتانی چین، ئەمریکا، ژاپۆن و ئیماراتەوە لە ڕێگەی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە دەکرێن. لە ساڵی 2025دا 932 کۆمپانیا مۆڵەتی بازرگانیی ئۆتۆمبێلیان هەبووە و لە ساڵی 2024یشدا 924 مۆڵەت بە بازرگانان دراوە. وەزارەتی بازرگانی تەنیا مۆڵەت دەدات، بەڵام وردەکاریی جۆر و وڵاتی بەرهەمهێنەر لای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمە.

مەرجەکان و بڕیارە نوێیەکان بۆ مۆدێلی ئۆتۆمبێل

بەگوێرەی ڕێنماییەکان، هەر کۆمپانیایەک ئۆتۆمبێل هاوردە بکات دەبێت دڵنیایی بدات کە ئۆتۆمبێلەکان ژێرئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوە نین، هەروەها دەبێت بە ڕێژەی 5%ی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکان پارچەی یەدەگیان لەگەڵدا بێت. سەبارەت بە مۆدێلی ساڵ، وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندووە کە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 تەنیا تاوەکو 1ی ئەیلولی 2026 ڕێگەپێدراوە و دوای ئەو وادەیە هاوردەکردنی ئەو مۆدێلە قەدەغە دەکرێت.

ئارا ئیبراهیم

5 کاتژمێر پێش ئێستا