لە 2026دا یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلی چینی دەگاتە ناوچەکە؛ عێراق پشکی شێری بەردەکەوێت

یاد نەوزاد 5 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆتۆمبێلی چینیی ئامادەکراو بۆ هەناردەکردن لە یەکێک لە بەندەرەکانی چین دا. فۆتۆ: AFP
ئۆتۆمبێلی چینیی ئامادەکراو بۆ هەناردەکردن لە یەکێک لە بەندەرەکانی چین دا. فۆتۆ: AFP

بازاڕی ئۆتۆمبێلی چینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بەشێکی زۆری ئەو هاوردەکردنەش ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبریدن، کە بەهۆی گونجاوی نرخ و کارئاسانییەکانی حکومەتەوە خواستی زۆریان لەسەرە.

گەشەی بەرچاوی هەناردەی چینی بۆ ناوچەکە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای "عێراقی ئایندە" بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاریی ئابووری، هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2025 گەشەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە. ژمارەی ئۆتۆمبێلە هەناردەکراوەکان بە ڕێژەی 65% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 584,000 ئۆتۆمبێل، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا ژمارەکە تەنیا 353,000 ئۆتۆمبێل بووە.

ئامارەکانی هاوردەکردن لە عێراق بۆ ساڵی 2025

کۆی بەهای هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 14.5 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2024 بڕی 3.5 ملیار دۆلار زیادی کردووە. عێراق تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 50,000 ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، کە 15%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە جۆری کارەبایی و 'هایبرید' بوون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024 کە 35,000 ئۆتۆمبێل بووە، زیادبوونێکی بەرچاو نیشان دەدات.

پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2026

دەزگای "عێراقی ئایندە" پێشبینی دەکات کە هەناردەی ئۆتۆمبێلی چین بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کۆتایی ساڵی 2026 سنووری 1 ملیۆن ئۆتۆمبێل تێبپەڕێنێت. ئەم هەڵکشانە بۆ نرخە کێبڕکێکارەکان و زیادبوونی خواستی بەردەوام دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا کە چین تێیدا پێشەنگە.

هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕدا

بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر گونجاوی نرخ و کوالێتی بەرهەمە چینییەکان دەکەنەوە بەراورد بە جۆرە ئەوروپی و ئەمریکییەکان. کۆمپانیا چینییەکانی وەک MG, Chery, Great Wall Motor و BYD توانیویانە مۆدێلی جیاواز و سەرنجڕاکێش بخەنە بازاڕەوە کە لەگەڵ توانای دارایی کڕیاراندا دەگونجێت.

پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین و عێراق

گەشەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار. ئەم زەمینەسازییە بووەتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەرە چینییەکان ئاسانکاریی زیاتریان بۆ بکرێت و پێگەی خۆیان لە بازاڕی عێراقدا قایمتر بکەن.

کارئاسانییەکان بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چەندین کارئاسانییان بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی کردووە، لەوانەش هەڵگرتنی باج لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەم بڕیارانە بازاڕێکی نوێیان بۆ بەرهەمە چینییەکان کردووەتەوە. بەپێی داتاکانی گومرگ، تەنیا لە مانگی شوباتی 2026دا بە بەهای 40 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل و بە بەهای 53 ملیۆن دۆلار تایەی ئۆتۆمبێل لە چینەوە هاوردەی عێراق کراوە.

گرافیک: بازاڕی ئۆتۆمبێلی چینی لە عێراق (دەزگای عێراقی ئایندە)

هاوردەی ئۆتۆمبێل بۆ عێراق لە 2025: 584,000 ئۆتۆمبێل.

ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو لە چین: 50,000 دانە.

ڕێژەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (هایبرید): 15%.

بەهای گشتیی هاوردەی ئۆتۆمبێل (2025): 14.5 ملیار دۆلار.

پێشبینی هەناردەی چین بۆ ناوچەکە (2026): 1,000,000 ئۆتۆمبێل.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چین و عێراق (2025): 55 ملیار دۆلار.

هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینی لە مانگی شوباتدا: 40 ملیۆن دۆلار.

هاوردەی تایەی چینی لە مانگی شوباتدا: 55 ملیۆن دۆلار.

یاد نەوزاد

5 کاتژمێر پێش ئێستا